یانەی چێڵسی لە رەمەزاندا میوانداریی موسڵمانان دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی چێڵسی ئینگلیزی لە پێشهاتێکی سەرنجڕاکێشدا رایگەیاند، لە مانگی رەمەزاندا ئێوارەخوانێک لە یاریگەکەی بۆ موسڵمانان رێکدەخات.
 
یانە ئینگلیزییەکە لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دەڵێت "رۆژی 26ـی ئەم مانگەدا یانەکەمان لە یاریگەی ستامفۆرد بریچ ئێوارەخوانێکی بەربانگ بۆ موسڵمانان رێکدەخات، ئامانجیش لە رێکخستنی ئەو ئێوارەخوانە ئەوەیە کە هەلێک برەخسێنن بۆ ئەوەی موسڵمانانی لەندەن لە نزیکەوە لەگەڵ یەکدی کۆببنەوە و بەیەکەوە بەشداری لە ئێوارەخوانەکەدا بکەن."
 
چێڵسی لە بەشێکی دیکەی راگەیێنراوەکەدا نووسیوویەتی "ژمارەیەک مزگەوتی ناوخۆیی و ئەندامانی کۆمەڵگەی موسڵمان لە یانەی چێڵسی، کە لە لایەنگرانی یانەکە و قوتابخانەکان پێکهاتوون بانگهێشت دەکرێن بۆ بەشداریکردن لە ئێوارە خوانەکەدا لەگەڵ یانەی چێڵسی."
 
ئێوارەخوانەکەی یانە لەندەنییەکە بە هاوکاریی پڕۆژەی چادری رەمەزانی رێکدەخرێت کە رێکخراوێکی خێرخوازییە لە 2013 دامەزراوە، ئەرکی کۆکردنەوەی کۆمەڵگەکان و پەرەپێدانی تێگەیشتنە لە مانگی رەمەزان.
 
پڕۆژەی چادری رەمەزان، ئەمساڵ یادی 10 ساڵەی دامەزراندنی خۆی دەکاتەوە و رێکخستنی ئێوارەخوانەکە و بانگهێشتکردنی موسڵمانانی لەندەنیش بۆ یاریگەی ستامفۆرد بریچ هەر لەو چوارچێوەیەدایە.
 
عومەر سەلها، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پڕۆژەکەیە و دەڵێت "لە دەیەی رابردوودا پڕۆژەکەمان زیاتر لە نیو ملیۆن کەسی لە هەموو چینە جیاوازەکان بەیەکەوە بەستووەتەوە و کۆکردووەتەوە، ئەمەش لە رێگەی فێستیڤاڵی ساڵانەی رەمەزان و دەستپێشخەریی رێکخستنی ئێوارەخوانی بەربانگ بووە".
 
بەڕێوەبەری پڕۆژەی چادری رەمەزانی زیاتر گوتی "شانازی دەکەین کە ئێوارەخوانی ئەمجارەمان لە یاریگەی ستامفۆرد بریچ دەبێت بەهاوبەشی لەگەڵ یانەی چێڵسی و یانەکە دەبێتە یەکەم یانەی پرێمەرلیگ لە مێژوودا کە ئێوارەخوانێکی کراوە بەبۆنەی رەمەزانەوە بۆ موسڵمانان رێکبخات".