کاپتنی هەڵبژاردەی تورکیا بەهۆی بوومەلەرزەوە گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
زیانەکانی بوومەلەرزەکەی باکوور و رۆژئاوای کوردستان لە نێو دونیای وەرزشیدا بەردەوامن و چەند وەرزشوانێکی دیکە بەهۆیەوە گیانلەدەستدانیان راگەیێنرا.
دوای ئەوەی رۆژی 6ـی ئەم مانگە، بوومەلەرزەیەکی بەهێز باکوور و رۆژئاوای کوردستانی هەژاند، هەزاران کەس بوونە قوربانیانی، لەنێویاندا چەند وەرزشوانێک هەبوون، کە گیانیانلەدەستداوە و چەندانی دیکەش هێشتا هیچ هەواڵێکیان نییە.
لە دوایین پێشهاتدا و دوای راگەیاندنی ئاماری نوێی ئەو کەسانەی گیانیانلەدەستداوە، لە غازی عەنتاب جەمال کوتاحیا، کاپتنی تیپی تۆپی دەستی هەڵبژاردەی تورکیا گیانیلەدەستداوە و تەرمەکەی لەژێر داروپەردووی خانوو و باڵەخانە رووخاوەکاندا دۆزرایەوە.
فیدراسیۆنی تۆپی دەستی تورکیا هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و دەڵێت " بە داخێکی قووڵەوە رایدەگەیێنین کە هەریەکە لە جەمال کوتاحیا، چنار کوتاحیای هاوژینی کوڕەکەیان بەهۆی بوومەلەرزەوە گیانیانلەدەستداوە.
فیدراسیۆنەکە سەرەخۆشی خۆی بە ماڵباتی یاریزانەکە و هەموو وەرزشوانان رادەگەیێنێت و دەڵێت " هەموو هەوڵێک دەدەین ناوی جەمال کوتاحیا بە زیندوویی بهێڵینەوە، لەبەرامبەر هەموو ئەو خزمەتی لە چەند ساڵی رابردوودا بە سەرکەوتوویی پێشکێشی هەڵبژاردەی وڵاتەکە کردووە."
بەر لە کۆچی دواییکردنی کاپتنی هەڵبژاردەکەی تورکیا چەند وەرزشوانێکی دیکە لە یارییە جیاوازەکاندا گیانیانلەدەستداوە، کریستیان ئاتسو، هێرشبەری یانەی هاتای سپۆر تاوەکو ئێستا لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا ماوە و هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە نییە.