بارسێلۆنا 4 دەستەوارەی شێتانە بۆ لامین یامال رەتدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، لامین یامال، ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنا 4 دەستەوارەی شێتانەی لە 4 یانەی گەورەی ئەورووپی پێگەیشتووە، کە بەهۆی هەر یەکێک لەو دەستەوارانە، یامال دەتوانێت مووچەیەکی دە هێندەی مووچەی ئێستای وەربگرێت.
یامال رۆڵێکی سەرەکی بینی لە بەدەستهێنانی یۆرۆی 2024 لەلایەن هەڵبژاردەی ئیسپانیا، و لەگەڵ بارسێلۆناش ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات و سەرنجی گەورە یانەکانی ئەورووپای بەلای خۆیدا راکێشاوە.
دوای ئەوەی بەهۆی پێکانەوە چەند یارییەکی دوورکەوتەوە، لامین لە قۆناخی پێشکۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو گەڕایەوە و جارێکی دیکە سەلماندی کە یاریزانێکی زۆر گرنگی بارسایە و بەتۆمارکردنی گۆڵێک سەرکەوتنی بۆ بارسا بەرامبەر بیلباو بەئەنجامی 2-0 بەدەستهێنا و گەیشتە یاریی کۆتایی بۆ ئەوەی لە کلاسیکۆیەکی ئاگریندا رووبەڕووی ریال مەدرید ببێتەوە، کە لە یارییەکەدا 5-2 لە لۆس بلانکۆسیان بردەوە و لامین گۆڵێکی تۆمارکرد و نازناوەکەی بەدەستهێنا.
بەگوێرەی رۆژنامەی ئیل ناسیۆناڵی کەتەلۆنی، بەردەوامبوونی لامین یامال لە تەمەنی 17 ساڵیدا لەسەر ئەو ئاستە بەرزە وایکردووە یانە گەورەکان چاوی بخەنە سەر.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە یامال بووەتە ئامانجی چوار یانەی گەورەی ئەورووپا، کە بریتین لە مانچێستەر سیتی، لیڤەرپوول، پاریس سانجێرمان و بایرن میونشن و هەر یەکێکیان ئامادەیە بە پارەیەکی خەیاڵی کە بارسا بکڕێت.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردووە، هاوینی رابردوو کارگێڕیی پاریس سانجێرمان بەنیاز بوو دەستەوارەیەک بەبەهای 250 ملیۆن یۆرۆ پێشکەشی بارسێلۆنا بکات بۆ ئەوەی ئەو ئەستێرە لاوە بکاتە جێگرەوەی کیلیان ئێمباپێ، کە رووی لە یانەی ریال مەدرید کرد، بەڵام کارگێڕیی بارسێلۆنا بەسەرۆکایەتی خوان لاپۆرتا رەتیکردەوە دەستبەرداری یامال ببێت بەهەر هۆکارێک بێت.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی Whoscored، لامین یامال، کە لەم وەرزەدا لە 23 یارییدا لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییە جیاوازەکاندا بەشداری لە 20 گۆڵدا کردووە، خاوەنی دووەم باشترین هەڵسەنگاندنە لە پێنج خولە گەورەکەی ئەورووپا لەم وەرزەدا بەڕێژەی 7.98 نمرە لەسەر 10. هەروەها بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی ترانسفێرمارکت سێیەم گرانترین یاریزانی جیهانە لەڕووی نرخەوە.
یاریزانە ئیسپانییەکە خواستی خۆی نیشانداوە بۆ درێژترین ماوە بەردەوام بێت لە یاریکردن لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا، بەو پێیەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکە لە هاوین ساڵی 2026 کۆتایی دێت، هەروەها دەیەوێت بە زووترین کات گرێبەستەکەی درێژ بکاتەوە.
لەم دواییانەدا لامین لە هەڤپەیڤینێکدا گوتی "نازانم گرێبەستە نوێیەکەم کەی واژۆ دەکرێت، بەڵام پێموایە بەم زووانە واژۆ دەکرێت. دەمەوێت گرێبەستەکەم لەگەڵیان نوێ بکەمەوە و تاوەکو دەتوانم لەگەڵیان بمێنمەوە. دەمەوێت بۆ بارسێلۆنا زۆر یاری بکەم، بەڵێ گرێبەستەکەم نوێ دەکەمەوە".
یامال لە یاریی داهاتووی یانەکەیدا رووبەڕووی یانەی ریال بێتیس دەبێتەوە، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، لە یارییەکانی قۆناغی 16ـی جامی شای ئیسپانیا بەڕێوەدەچێت.