ناوبژیوانانی یاریی کۆتایی جامی سوپەر تۆمەتبارن بە گەندەڵی

رووداو دیجیتاڵ
 
ناوبژیوانانی یاریی کۆتایی سوپەری ئیسپانیا تووڕەیی و بێزاری خۆیان بەرامبەر دۆسێی بەرتیلدانی یانەی بارسێلۆنا بە ناوبژیوانان دەردەبڕن و باس لەوە دەکەن کە چۆن ئەو کەیسە ژیانیانی تاڵ کردووە. 
 
دوای ئەوەی ئاشکراکرا کە بارسا بڕی 7.3 ملیۆن یۆرۆی داوە بە جێگری سەرۆکی پێشووی لیژنەی ناوبژیوانان، خۆزێ ماریا ئینریکێز نێگرێرا، کە لە نێوان ساڵانی 2001 بۆ 2018 ئەنجامدرا، بارسێلۆنا بە تۆمەتی گەندەڵی و بەرتیلدان لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.
 
ئەمشەو کاژێر 22:00، یاریگەی ئەوەل پارک لە سعودیە دەبێتە گۆڕەپانی ئەنجامدانی کلاسیکۆ لە نێوان یانەکانی ریال مەدرید و بارسێلۆنا، خوان مارتینێز مونوێرا وەک ناوبژیوانی یارییەکە و سیزار سۆتۆ گرادۆ وەک ناوبژیوانی ژووری ڤار دیاریکراون. لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گرادۆ تووڕەیی خۆی لەبارەی کەیسەکەی نیگرێراوە دەردەبڕێت و دەڵێت "ئەم بابەتە خوێنم دەکوڵێنێت، لەم کەیسەی نیگرێرا زۆر بێزار بوومە."
 
گرادۆ زیاتر دەڵێت "تەنیا لەبەر ئەوەی کەسێک لەم دامەزراوەیە گەندەڵە، مانای ئەوە نییە هەموومان بەو شێوەیە بین. نیگرێرا بەشێوەیەکی خراپ سوودی لە پێگەکەی خۆی وەرگرت، ئەو گەورەترین زەرەری مێژووی بە ناوبژیوانان گەیاند."
 
تەلەڤزیۆنی یانەی ریال مەدرید رەخنەی زۆر لە ناوبژیوانان دەگرێت و پێش ئەنجامدانی ئەم کلاسیکۆیەش هێرشی تووندیان کردە سەر ئەم دوو ناوبژیوانە، گرادۆ لەو بارەیەوە دەڵێت "ئەو کارانە هیچ سوودیان نییە، تەنیا رق و کینە بەرامبەر ناوبژیوانان درووستدەکات."
 
لە کۆتاییدا مونوێرا باس لەوە دەکات کە چۆن کەیسەکەی نیگرێرا کاریگەری لەسەر ژیانی تایبەتی کردووە و دەڵێت "دەچمە سوپەرمارکێت لەگەڵ خێزان و کوڕەکەم، خەڵکی دەبینم و بە 'گەندەڵ' بانگم دەکەن."