هێندرسۆن بە باشترین یاریزانی 2019 دەستنیشانکرا

رووداو-هەولێر

جۆردان هێندرسۆنی یاریزانی یانەی لیڤەرپوول وەک باشترین یاریزانی ئینگلتەرا لە ساڵی رابردوو دەستنیشانکرا.

یەکێتیی تۆپی پێی ئینگلتەرا ناوی باشترینەکانی ساڵی 2019ـی بڵاوکردەوە، تێیدا جۆردان هێندرسۆن پێش هاری کەین و رەحیم ستێرلینگ کەوت و بووە باشترین یاریزانی ساڵی رابردوو لەسەر ئاستی یاریزانە ئینگلیزەکان لە ئینگلتەرا.

هێندرسۆن لەگەڵ لیڤەرپوول سێ نازناوی کیشوەریی بەرزکردەوە و دووەمی پرێمەرلیگیش بوو، لە هەڵبژاردەی ئینگلتەراش بەشێوەی سەرەکی لە زۆربەی یارییەکاندا یاریکرد، سێیەمی پاڵەوانێتیی نەیشنلیگیش بوون.

لەسەر ئاستی کچانیش لوسی برۆنزی یاریزانی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا و یانەی لیۆنی فەرەنسی بە باشترین خانمە یاریزان لەسەر ئاستی ئینگلتەرا دەستنیشانکرا، ئەو کچە یاریزانە نازناوی شی بلیڤز کەپی بردەوە و لەگەڵ هەڵبژاردەکەشی گەیشتنە قۆناخی پێشکۆتایی جامی جیهانیی ئافرەتان.