ئیمارات، تایلاند و به‌حرێن خۆیان گه‌یانده قۆناخی 16
رووداو – هه‌ولێر
كه‌مێك پێش ئێستا یارییه‌كانی ئه‌مڕۆی جامی ئاسیای 2019 كۆتاییانهات و سێ هه‌ڵبژارده گه‌یشتنه قۆناخی 16ی پاڵه‌وانیه‌تیه‌كه.
یارییه‌كانی ئه‌مڕۆ له كۆمه‌ڵه‌ی یهكهمدابوون، كه گه‌ڕی سێیه‌م و كۆتایی بوو له قۆناخی كۆمه‌ڵه‌كاندا.
هه‌ڵبژارده‌ی ئیمارات له‌لای خۆیه‌وه نه‌یتوانی بردنه‌وه تۆماربكات، هه‌رچه‌نده به پاڵپشتی جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی له یاریگه‌ی هه‌زاع بن زاید رووبه‌ڕووی هه‌ڵبژارده‌ی تایلاند بووه‌وه، به‌ڵام له ئه‌نجامدا به گۆڵێك یه‌كسان بوون.
گۆڵی ئیمارات هێرشبه‌ری ناسراو عه‌لی مه‌بخوت له خوله‌كی 6دا تۆماریكرد، به‌ڵام له خوله‌كی 41دا پوانگچان گۆڵی یه‌كسانبوونی بۆ تایلاند تۆماركرد و یارییه‌كه‌ش هه‌ر به‌و ئه‌نجامه كۆتاییهات.
له یارییه‌كی دیكه‌ی هه‌مان كۆمه‌ڵه‌كه‌دا، هه‌ڵبژارده‌ی به‌حرێن ئه‌وه‌ی له‌سه‌ری پێویست بوو، ئه‌نجامیدا و به گۆڵێكی بێ به‌رامبه‌ر بردنه‌وه‌ی به‌سه‌ر هه‌ڵبژارده‌ی هیندستاندا به‌ده‌ستهێنا.
به‌حرێن كه له دوو یاریی رابردوودا ته‌نیا یه‌ك خاڵی هه‌بوو، ئه‌مڕۆ پێویستی به بردنه‌وه بوو، تاكه گۆڵی یارییه‌كه‌ش یاریزان جه‌مال را‌شد به لێدانی په‌ناڵتی له خوله‌كی 90+1دا تۆماریكرد و له كاتێكی زۆر هه‌ستیاردا بوو.
به‌م ئه‌نجامانه، له كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌مدا ئیمارات به پله‌ی یه‌كه‌م به 5 خاڵ، تایلاند به پله‌ی دووه‌م به 4 خاڵ و به‌حرێن به 4 خاڵ و به یه‌كێك له باشترین خاوه‌ن پله‌ی سێیه‌مه‌كان گه‌یشتنه قۆناخی 16ی جامی وڵاتانی ئاسیا.