گابۆن گەورەترین پاڵەوانێتی ئەفریقا لە باوەش دەگرێت


رووداو - هەولێر


ئێوارەی ئەمڕۆی شەممە 14-1-2017 رکابەرییەکانی 31 مین پاڵەوانێتی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا بەبەشداری 16 هەڵبژاردە لە گابۆن دەستپێدەکات.

یاری کردنەوەی پاڵەوانێتییەکە لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی گابۆنی میوانداری پاڵەوانێتییەکە و گینیای کەمەرەیی دەبێت لەسەر یاریگەی دانگۆنج لە لێبریڤیلی پایتەختی ئەو وڵاتە بەڕێوەدەچێت.

یارییەکە کاژێر 19:00 بەکاتی باشووری کوردستان ئەنجامدەدرێت، هەردوو هەڵبژاردە ئامادەکارییەکی باشیان کردووە بۆ ئەوەی یەکەم هەنگاویان لە پاڵەوانێتییەکەدا بەسەرکەوتوویی ببڕن، بەتایبەتیش هەڵبژاردەی گابۆن کە پشتی بە تواناکانی پیێر ئۆبامیانگ بەستووە بۆ ئەوەی بەسەرکەوتن بچنە نێو رکابەرییەکان.

لە چەند رۆژی رابردووە گابۆن ئامادەکارییەکانی بۆ میوانداریکردنی پاڵەوانێتییەکە بۆ دووەمجار چڕکردووەتەوە و رێوشوێنێکی ئەمنی تووندیش گیراوەتە بۆ ئەوەی بەسەرکەوتوویی پاڵەوانێتییەکە بەڕێوەببەن.

لەبارەی یارییەکەوە برۆنۆ ئیکیلی مانگا، بەرگریکەری هەڵبژاردەی گابۆن کە بۆ یەکەمجارە لە پاڵەوانێتییەکەدا دەردەکەوێت گوتی، پاڵەپەستوویەکی زۆرمان لەسەرە، بەڵام چاوەڕێی کارێکی ئەرێنی دەکەین لە کاتیکدا یارییەکان لە نێو خاکی خۆمان بەڕێوەدەچێت.


هەڵبژاردەی گینیای کەمەرەیی دەیەوێت درێژە بەو سوپرایزانەی بدات کە لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە پاڵەوانێتییەکە ئەنجامیدان بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا گەیشتە پاڵەوانێتییەکە، ئێستا ئەرکی ئەوان قورستربووە و نایانەوێت یەکەم بەشداریان بە ئاسانی لە دەست بچێت.

گینیای کەمەرەیی چەند رۆژێک پێش دەستپێکردنی هەڤرکییەکانی پاڵەوانێتییەکە کێشەی دارایی هەبوو، لە نێوانیاندا مانگرتنی یاریزانانی هەڵبژاردەکە لە هەفتەی رابردوودا.