تیروپشکی چامپیۆنزلیگ دووبارە دەکرێتەوە و ریال مەدرید ناڕازییە

 
رووداو دیجیتاڵ

تیروپشکی قۆناخی شازدەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، دوای رووداونی چەند هەڵەیەکی تەکنیکی لە تیروپشکەکەدا دووبارە دەکرێتەوە.
 
یۆفا لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا رایگەیاند، تیروپشکی قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ کاژێر 17:00 دووبارە دەکرێتەوە.
 
یۆفا لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت " دوای کێشەیەکی تەکنیکی نەخوازاو، لە راکێشانی تیروپشکی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگدا، کە لەکاتی راکێشانی تۆپەکاندا هەڵەیەک روویدا، بڕیاردرا جارێکی دیکە کاژێر 15:00 بەکاتی ئەوروپا تیروپشکەکە دووبارەبکرێتەوە.
 
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لە بڕیاری دووبارەکردنەوەی تیروپشکەکە ناڕازییە و نایەوێت یانەکەی بەرامبەری کە یانەی بێنفیکای پۆرتوگالییە بگۆڕدرێت و دەڵێت " دووبارەکردنەوەی هەموو تیروپشکەکە کارێکی دادپەروەرانە نییە." بۆ ئەمەش یانە ئیسپانییەکە ناڕەزایەتی خۆی گەیاندووەتە یۆفا و چاوەڕێی وەڵامە.
 
دووبارەکردنەوەی تیروپشکی قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ، لەسەر داوای هەرسێ یانەی مانچێستەر یونایتد، ئاتلێتیکۆ مەدرید و ڤیاریال بوو، لەکاتێکدا کە هەڵەکە بەرامبەر ئەوان روویداوە.
 
هۆکاری دووبارەکردنەوەی تیروپشکەکە ئەوەیە کە لە یەکێك لە راکێشانەکاندا بە هەڵە ناوی یانەی مانچێستەر یونایتد لە جێگەی یانەی مانچێستەر سیتی هاتووە و هەر ئەو کات دووبارەکرایەوە کە نەدەبوو یانەی مانچێستەر یونایتد بکەوێتە بەرامبەر یانەی ڤیاریال چونکە هەردووکیان لەیەک کۆمەڵەدا بوون.
 
جگە لەوەش لە کاتی راکێشانی ناوی ئاتلێتیکۆ مەدرید، ناوی یانەی مان یونایتد نەخراوەتەوە نێو شووشەکە و یانەی مان یونایتد و ئاتلێتیکۆ مەدرید و ڤیاریال بەفەرمی سکاڵایان تۆمارکردوو و بەو هۆیەوە بڕیاری دووبارەکردنەوەی تیروپشکەکە درا.