پاڵاوتنەکانی مۆندیال.. پاڵەوانی جیهان بلیتی کۆمەڵەی چوارەمی دەوێت

رووداو دجیتاڵ

لە درێژەی یارییەکانی پاڵاوتنی ئەوروپا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2022ـی قەتەر، ئەمڕۆ 7 یاریی دیکە بەڕێوەدەچن و پاڵەوانی جیهان ئەرکی ئاسانە
 
یارییەکانی کۆمەڵەی حەوتەم پڕ لە رکابەرین، بەهۆی ئەوەی هەرسێ هەڵبژاردەی هۆڵەندا، نەرویج و تورکیا رکابەری لەسەر بلیتی سەرکەوتن دەکەن، کە تورکیای سێیەمی کۆمەڵەکە بە 15 خاڵ، لە ئەرکێکی ئاساندا میوانداری جیبرالتار دەکات، کە هیچ خاڵی نییە.
 
نەرویجی دووەمیش ئەرکی زەحمەت نییە و پێشوازی لە لاتڤیای خاوەن 5 خاڵ دەکات. لە کاتێکدا هۆڵەندای یەکەمی کۆمەڵەکە، کە خاوەنی 19 خاڵە دەبێتە میوانی مۆنتێنێگرۆ، کە پێناچێت نێچیرێکی ئاسان بێت بۆ هۆڵەندییەکان، بەو پێیەی ئێستا ئاستێکی باش پێشکەش دەکات و 11 خاڵی کۆکردووەتەوە.
 
لە کۆمەڵەی چوارەمدا، ئەرکی فەرەنسای پاڵەوانی جیهان ئاسانە و پێویستی بەوەیە لەسەر خاکی خۆیدا 3 خاڵی دیکە لە کازاخستان وەربگرێت، کە تاوەکو ئێستا تەنیا 3 خاڵی هەیە.
 
فەرنسا پێشەنگی کۆمەڵەکەیە و 12 خاڵی هەیە، ئۆکراینا 9 خاڵی هەیە و رکابەریەتی، بەڵام بە یارییەک زیاتر، بۆیە ئەگەر کەڵەشێرەکان ببەنەوە راستەوخۆ بلیتی سەرکەوتن وەردەگرن.
 
یارییەکانی ئەمڕۆ:
 
بۆسنە - فینلەندا 17:00
نەرویج - لاتڤیا 20:00
تورکیا - جیبرالتار 20:00
فەرەنسا - کازاخستان 22:45
بەلجیکا - ئیستۆنیا 22:45
وێڵز - بیلارووس 22:45
مۆنتێنێگرۆ - هۆڵەندا 22:45