بوومەلەرزەکەی پاریس، بارسا دەهەژێنێت
رووداو دیجیتاڵ
"جارێکی دیکە پاریس سانجێرمانی فەرەنسی لە پشتەوە خەنجەر لە بارسێلۆنا دەدات"، ئەمە قسەی میدیای فەرەنسایە لەبارەی هەواڵەکانی گەڕانەوەی نەیمار داسیلڤا بۆ یانەی بارسێلۆنا.
یانەی بارسێلۆنا کە لە چەند رۆژی کەمی رابردوودا لەلایەن پاریس سانجێرمانەوە گورزێکی کوشندەی بەرکەوت بەهۆی گرێبەستکردنی یانە پاریسییەکە لەگەڵ عوسمان دێمبلی، لە کاتێکدا بارسێلۆنا بە گواستنەوەکە رازینەبوو، سانجێرمان ئەمجارە خەریکە خەونێکی دیکەی بارسا، لەبار دەبات.
میدیای فەرەنسا دەڵێن، نوێترین گورزی سانجێرمان بۆ بارسێلۆنا، لەبارەی هەوڵەکانێتی بۆ بەدەستهێنانەوەی نەیمار.
سەرچاوەکان ئەمڕۆ ئاشکرایانکردووە لەبری بارسا، گرێبەستکردنی نەیمار لەگەڵ یانەی هیلالی سعودی زۆر نزیکە و نەیمار دەبێتە نوێترین گرێبەستی یانەکانی سعودیە.
بەپێی قسەی میدیاکانی فەرەنسا، لە چەند کاژێری رابردوودا، هەردوو یانەی سانجێرمان و هیلال لەسەر وردەکاری گواستنەوەی نەیمار رێککەوتوون.
هەمان ئەو سەرچاوانە دەڵێن دانوستاندنەکانی نێوان هەردوولا، خێرا و یەکلاکەرەوەبوون و نەیماریش بیرۆکەی چوونە سعودیە رەتناکاتەوە، بەڵام هێشتا لەسەداسەد بڕیاری خۆی نەداوە.
ئەم هەواڵانە هاوکاتە لەگەڵ ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن یانەکانی بارسێلۆنا و دوو تیپ لە ئەمریکا و ئینگلتەرا، بایەخ بەبەدەستهێنانی تواناکانی نەیمار دەدەن.
هەندێک سەرچاوەی دیکەی فەرەنسا گوتوویانە، هیلال تەنیا بیر لە نەیمار ناکاتەوە و دانوستاندنی لەگەڵ سانجێرمان لەبارەی گرێبەستکردن لەگەڵ ڤێراتیش کردووە.
ئەو سەرچاوانە دەڵێن، هیلال سەرقاڵی ئامادەکردنی دوا دەستەوارەیە بۆ بەدەستهێنانی ڤێراتی، لە کاتێکدا دوو دەستەوارەی پێشووتری کە بڕەکانیان 30 ملیۆن و 40 ملیۆن یۆرۆ بووە، رەتکراونەتەوە.
بەرپرسانی سانجێرمان پێیانوایە بۆ دەستبەرداربوون لە ڤێراتی، پێویستە 80 ملیۆن یۆرۆ بەدەستبهێنن، لە کاتێکدا هیلال ئامادەیە دەستەوارەکەی خۆی بۆ 50 ملیۆن یۆرۆ بەرز بکاتەوە.
هەندێک سەرچاوەی بەرازیلی، پەیوەست بە چوونی نەیمار بۆ هیلال گوتوویانە، باوکی ئەو یاریزانە کە هاوکات بەڕێوەبەری کارەکانێتی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ گەیشتووەتە سعودیە بۆ کۆتایی هێنان بە گواستنەوەی کوڕەکەی بۆ یانە سعودییەکە.
هاوکات هەندێک سەرچاوەی دیکە لە بەرازیلەوە دەڵێن، مووچەی پێشکێشکراوی هیلال بۆ نەیمار 80 ملیۆن یۆرۆی ساڵانەیە، بەڵام نەیمار هێشتا رازینەبووە و یانە سعودیەکەش ئامادەیە مووچەکە بۆ 100 ملیۆن یۆرۆ بەرز بکاتەوە.
ئەگەر نەیمار بەو بڕە مووچەیە بچێتە سعودیە، دەبێتە خاوەن دووەم گەورەترین مووچەی خولەکە پاش کریستیانۆ رۆناڵدۆ.
میدیای فەرەنسا دەڵێن، لویس کامپۆسی راوێژکاری سانجێرمان و لویس ئینریکێی راهێنەر هەفتەی پێشوو لەگەڵ نەیمار کۆبوونەتەوە و پێیانڕاگەیاندووە کە ئەو دەبێ بەشوێن یانەیەکی نوێدا بگەڕێت، چونکە لە پلانی داهاتووی سانجێرماندا نییە پشتی پێ ببەستێت.