پاڵەوانێتی ویمبڵدن.. ئەلکاراز، مێدڤێدێڤ، سابالینکا و ئۆنس گەیشتنە چوارگۆشەی زێڕین
رووداو دیجیتاڵ
رکابەرییەکانی تێنسی ویمبڵدن گەیشتە قۆناخی پێشكۆتایی و بە بردنەوەی ئەلکاراز، مێدڤێدێڤ، سابالینکا و ئۆنس جابر کۆتایی بە رکابەرییەکانی قۆناخی چارەکی کۆتاییهات.
کارلۆس ئەلکارازی ئیسپانی پۆلینکراوی یەکەمی جیهان، لە قۆناخی چارەکی کۆتایی پاڵەوانێتی ویمبڵدن، بە سێ کۆمەڵەی بێ بەرامبەر، لە هۆڵگەر روونی دانیمارکی و پۆلینکراوی شەشەمی بردەوە.
ئەمە یەکەم یاری نێوان دوو یاریزانەکە بوو لە تەمەنی خوار 21 ساڵ لە قۆناخی چارەکی کۆتایی ویمبڵدن.
ئەنجامی کۆمەڵەکان حەوت شەش، شەش چوار و شەش چوار بوون.
لە قۆناخی داهاتوودا، کە قۆناخی پێشکۆتاییە، ئەلکاراز بەرامبەر بە دانییل مێدڤێدێڤی رووسی و پۆلینکراوی سێیەمی جیهان یاری دەکات.
لەلایەن خۆشییەوە دانییل مێدڤێدێڤ لە یارییەکی بەهێزدا توانی سەرکەوتن بەسەر کریستۆفەر یوبانکسی ئەمریکی بەدەستبهێنێت.
یوبانکس کە پلەی 43ـی جهانی گرتووە، وەک سوپرایزێک توانی بگاتە ئەم قۆناخە، بەڵام سەرکێشییەکانی لە قۆناخی چارەکی کۆتایی راگیران، دوای ئەوەی مێدڤێدێڤی رووسی بە ئەنجامی سێ کۆمەڵە بەرامبەر بە دوو کۆمەڵە یارییەکەی لێبردەوە.
ئەنجامی کۆمەڵەکان شەش چوار، یەک شەش، چوار شەش، حەوت شەش و شەش یەک بوون.
لەسەر ئاستی ئافرەتانیش، ئۆنس جابری تونسی توانی شکست بە ئیلینا ریباکینای کازاخستانی بهێنێت و بگاتە قۆناخی پێشکۆتایی.
جابر تۆڵەی لە ریباکینا کردەوە، دوای ئەوەی ساڵی رابردوو لە یاریی کۆتاییدا نازناوەکەی لە یاریزانە تونسییەکە سەندبوو، ئەمسآڵ لە چارەکی کۆتایی ئۆنس جابر لێی بردەوە.
ئەنجامی یارییەکە دوو کۆمەڵە بەرامبەر بە کۆمەڵەیەک بوو، شەش حەوت، شەش چوار و شەش یەک بوون.
لەلایەن خۆشییەوە ئارینا سابالینکای ئۆکراینی بەبردنەوەی لە مادیسۆن کیزی ئەمریکی، خۆی گەیاندە قۆناخی پێشکۆتایی ویمبڵدنی ئافرەتان.
یارییەکە بۆ سابا ئاسان بوو، دوای ئەوەی بە دوو کۆمەڵەی بێ وەڵام شەش دوو، شەش چوار لێی بردەوە.
ئەمە جاری دووەمە سابالینکا دەگاتە یاریی پێشکۆتایی ویمبڵدن، بەڵام ئەرکی ئاسان نابێت، چونکە بەرامبەر بە ئۆنس جابر یاری دەکات.