ڤیدیۆ؛ ئۆسترالیا بە جوانترین شێوە ئامادەیە بۆ میوانداریکردنی مۆندیال

رووداو دیجیتاڵ

 

رێک دوای چەند رۆژی دیکە، جامی جیهانی خانمان بە بەرگێکی نوێ و شێوازێکی نوێ دەستپێدەکات، کە ئەمجارە هەردوو وڵاتی ئوسترالیا و نیوزیلەندا بە هاوبەشی میوانداری دەکەن.
 
ئوسترالیا لە مانگەکانی حوزەیران و تەمموزدا دەبێتە ناوەندێکی تۆپی پێی جیهانی، پێنج شار میوانداری یارییەکانی مۆندیالی خانمانی 2023 دەکەن، لە پێرس لە رۆژئاوا و ئەدلاید لە باشوور، تا دەگاتە سیدنی و بریسبان لە رۆژهەڵات، لەگەڵ مێلبۆرن.
 
تۆپی پێ لە سەرانسەری وڵاتدا بڵاودەبێتەوە، کە 4 شاری نیوزیلەندا بەشێکی میواندارییەکە بە هاوبەشی 5 شارەکەی ئوسترالیا لە ئەستۆ دەگرن.
 
بێجگە لەوەی ئەم وەشانە کە نۆیەم وەشانە، جیاواز دەبێت لە رووی بەشدارییەوە، کە بۆ جاری یەکەم 32 هەڵبژاردە لەجیاتی 24 هەڵبژاردە بەشداری تێدا دەکەن، ئوسترالیا دەیەوێ ئەم بۆنەیە زۆر بەباشی بقۆزێتەوە بۆ رێکلامکردن بۆ شار و ناوچە گەشتیارییەکانی.
 
ئوسترالیا کە هەمیشە وڵاتێکی گەشتیارییە و ساڵانە ملیۆنەها گەشتیار لە سەرانسەری جیهاندا بۆ گوشت و گوزار سەردانی دەکەن، دەیەوێ ئەم بۆنەیە بکاتە هۆکارێک بۆ ئەوەی رێژەی گەشتیاران زیاتر بکات، بۆیە لە ئێستاوە رێکلام بۆ شار و یاریگەکانی پاڵەوانێتییەکە و ناوچە گەشتیارییەکانی دەکات.
 
دەستەڵاتدارانی ئوسترالیا هەموو ئاسانکارییەک دەڕەخسێنن بۆ ئەوەی گەشتیاران و هاندەرانی تۆپی پێی خانمان پەڵکێشی وڵاتەکەیان بکەن.
 
ئوسترالیا بە کۆمەڵێک یاریگەی جوان و سەرنجڕاکێش میوانداری مۆندیالی خانمان دەکات، کە هەندێکیان نوێن و هەندێکیش نۆژەنکراونەتەوە، بە تایبەتیش یاریگەی سیدنی کە دووبارە دروستکراوەتەوە و کەمتر لە ساڵێک پێش دەستپێکردنی مۆندیالی خانمان کرایەوە.
 
ئەو یاریگەیە کە بە دیزاینێکی سەرنجڕاکێش دروستکراوە، یەکێکە لە جوانترین یاریگەکانی ئێستای جیهان و میوانداری یاریی کردنەوەی مۆندیال دەکات و 7 یاری دیکەش لەو یاریگەیەدا دەکرێن.
 
بێگومان ئەوەی لە ماوەی مۆندیالدا سەردانی ئوسترالیا بکات. چەندە چێژ لە یارییەکانی مۆندیالی خانمان وەردەگرێت، ئەوەندە و زیاتریش چێژ لە بینینی سیحر و جوانی ئەو وڵاتە وەردەگرێت.