لە هەولێر هۆڵەکانی لەشجوانی دەکرێنەوە

تایبەت بە رووداو


لەشجوانێکی کوردستان رایگەیاند، رۆژی یەکشەممەی داهاتوو لە هەولێر هۆڵەکانی لەشجوانی دەکرێنەوە.

سەردار ئیسماعیل، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕیی میدیایی رووداو رایگەیاند "ماوەیەکی زۆربوو هۆڵەکانی وەرزشی و لەشجوانی شاری هەولێر داخرابوون، لە کاتێکدا کە بژێوی زیاتر لە هەزار خێزان لەسەر هۆڵە وەرزشییەکانە، هەر بۆیە پێشنیازی کردنەوەی هۆڵەکانم کرد".

ئیسماعیل زیاتر گوتی "ئەمڕۆ لەگەڵ ژمارەیەک ئەستێرەی لەشجوانی و پاڵەوانی یارییەکە چووینە لای پارێزگاری هەولێر و داوای کردنەوەی هۆلەکانمان کرد، هەر بۆیە داواکەی قبوڵکردین و رۆژی یەکشەممەی داهاتوو هۆڵەکان دەکرێنەوە". 

ئەو لەشجوانە ئاماژەی بەوەشکرد، گۆڕانکاری لە لیژنەی وەرزشی پارێزگای هەولێر کراوە و ئێستا تاهیر سابیر بەڕێوەبەری وەرزشی هەولێر سەرۆکی لیژنەکەیە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە دوێنێ ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بە سەرپەرشتی فرسەت سۆفی، پارێزگای هەولێر کۆبووەوە و 15 بڕیاری نوێیان لەبارەی قەدەخەی هاتووچۆ و دەوامی فەرمانگەکان دەرکرد، کە لە خاڵی هەشتەمدا هاتووە "ئه‌م شوێنانه‌ش به‌داخراوی ده‌مێننه‌وه‌ (هۆڵه‌كانی ئاهه‌نگ گێران، هۆڵه‌كانی بووك گواستنه‌وه‌، یانه‌ی شه‌وانه‌، نێرگه‌له‌كێشان، هۆڵ و سه‌نته‌ره‌كانی له‌شجوانی، هۆڵه‌كانی وه‌رزشی، مه‌له‌وانگه‌، هۆڵه‌كه‌كانی ئاهه‌نگی شه‌وانه‌، یانه‌كانی مه‌ی خواردنه‌وه‌ (بار)، گه‌رماو (حه‌مام)، سه‌نته‌ره‌كانی مه‌ساج)".