زانكۆی سۆران به‌شداری پاڵه‌وانیه‌تییه‌كی پایسكلسواریی جیهانی ده‌كات
به‌رپرسی یه‌كه‌ی چالاكی وه‌رزشی له زانكۆی سۆران ئاشكرایكرد، تیپی پایسكلسواریی زانكۆكه‌یان به‌شداری پاڵه‌وانیه‌تییه‌كی جیهانی ده‌كات، كه له پۆڵه‌ندا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
موحسین عه‌زیز، به (رووداوی وه‌رزشی) راگه‌یاند "تیپی پایسكلسواریی زانكۆی سۆران به نوێنه‌رایه‌تی عێراق به‌شداری له پاڵه‌وانیه‌تییه‌كی پایسكلسواری جیهانی ده‌كات، كه له پۆڵه‌ندا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
موحسین عه‌زیز، كه هاوكات یاریزانی پێشووی عێراق و راهێنه‌رێكی ناسراوی ئه‌و وه‌رزشه‌یه، هه‌روه‌ها گوتی "پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه له 9 تاوه‌كو 14ی ته‌مموزی داهاتوو به به‌شداری ده‌یان تیپی جۆراوجۆر به‌ڕێوه‌ده‌چێت و شاندی زانكۆی سۆران له 7 كه‌س پێكدێت، كه 4یان یاریزانن و كوڕن، جگه له راهێنه‌ر و یاریده‌ده‌ر و سه‌رۆكی شاند". هه‌روه‌ها
ئاشكراشیكرد "ده‌ستنیشانكردنی زانكۆی سۆران بۆ به‌شداریكردن له پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه، له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌یه زانكۆكه‌یان له ئاستی زانكۆكانی كوردستاندا ئه‌نجامی زۆر باشی هه‌بووه، به جۆرێك له پاڵه‌وانیه‌تی زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان له ئاستی كوڕان و كچاندا پله‌ی یه‌كه‌می به‌ده‌ستهێناوه".
موحسین عه‌زیز، یه‌كێكه له كه‌سایه‌تییه ناسراوه‌كانی یاری پایسكلسواری له كوردستان و عێراق و یاریزانی نێوده‌وڵه‌تی و راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی عێراقیش بووه، ساڵانێكی زۆریش له یانه‌یه‌كی شاری مانچسته‌ری به‌ریتانیا راهێنه‌ر بووه‌و پسپۆڕه له بواره‌كه‌ی خۆی و بڕوانامه‌ی به‌رزی هه‌یه، له‌وه‌ته‌ی له یه‌كه‌ی وه‌رزشیی زانكۆی سۆرانیش ده‌ستبه‌كاربووه، توانیویه‌تی له‌وێدا په‌ره به وه‌رزش و یاری پایسكلسواری بدات.