یانەیەک بۆ دەستبەرداربوون لە راهێنەرەکەی داوای 100 ملیۆن یۆرۆ لە بایرن دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
ئاستەنگییەکانی بەردەم بایرن میونشن لە دۆزینەوەی راهێنەرێک بۆ شوێنگرتنەوەی تۆماس تۆخێل بەردەوامن و لە دوایین هەوڵی یانەکەدا بۆ گواستنەوەی راهێنەرێكی پرێمەرلیگ، لەلایەن یانەکەوە داوای 100 ملیۆن یۆرۆی لێکراوە. 
 
دوای ئەوەی بەڕێكکەوتنی هەردوولا، بڕیاردرا لە کۆتایی ئەم وەرزەدا تۆخێل لە پۆستی راهێنەرایەتیکردنی یانەکەدا نەمێنێت، بایرن هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی راهێنەرێک دەستپێکرد. هەریەکە لە چابی ئەڵۆنسۆی راهێنەری لیڤەرکوزن و راڵف راگنیکی راهێنەری هەڵبژاردەی نەمسا لە ئامانجەکانی یانە باڤارییەکە بوون، بەڵام هەردووکیان مانەوەیان لە شوێنی خۆیان راگەیاند و رەتیانکردەوە پەیوەندی بە بایرنەوە بکەن.
 
دواتر یانە ئەڵمانییەکە پەیوەندی بە ئۆلیڤێر گلاسنێری راهێنەری یانەی کریستاڵ پاڵاس دەکات، کە لە رابردوودا راهێنەرایەتی فرانکفۆرتی کردووە و ئەزموونێکی باشی لە بوندێسلیگادا هەیە. 
 
بەپێی رۆژنامەی بێڵدی ئەڵمانی، بایرن ئامادەبووە لە پێناو گواستنەوەی گلاسنێردا 18 ملیۆن یۆرۆ بە پاڵاس بدات، بەڵام یانە ئینگلیزییەکە رەتیکردووەتەوە بەو بڕە پارەیە رازیبێت و داوای 100 ملیۆن یۆرۆی کردووە، ئەمەش وایکردووە بایرن لە گرێبەستەکە بکشێتەوە و هەوڵەکانی رابگرێت.
 
لەوەتەی پەیوەندی بە پاڵاسەوە کردووە، گلاسنێر لە شەش یاریدا توانیویەتی پێنج بردنەوە بەدەستبهێنیت. راهێنەرەکە ئاستی یانەکەی بەشێوەیەک بەرزکردووەتەوە کە تەنیا مانچێستەر سیتی و ئارسیناڵ توانیویانە لەو ماوەیەدا خاڵی زیاتر بەدەستبهێنن.