فرانک لامپارد هەڕەشە لە ریال مەدرید دەکات

رووداو دیجیتاڵ

 

فرانک لامپارد، راهێنەری یانەی چێڵسی، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هەڕەشە لە ریال مەدرید دەکات و دەڵێت "جەنگی راستەقینە هەفتەی داهاتوو دەبێت لەنێو ستامفۆرد بریج، رووداوە سیحراوییەکان لەوێ روودەدەن". دەشڵێت "نەمدەزانی ریال مەدرید ئەوەندە بەهێزە".
 
لە یاریی چوونی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگدا، ریال مەدرید لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ برنابیۆ لە مەدرید، میوانداری یانەی چێڵسی ئینگلیزی کرد و بە ئەنجامی 2-0 لێیبردەوە.
 
فرانک لامپارد، راهێنەری یانەی چێڵسی، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکە، قسەی بۆ میدیاکاران کرد و سەبارەت بەوەی ئایا دەتوانن لە یاریی لەندەن بگەڕێنەوە؟ گوتی "پێموایە هەردوو ئەگەر هەیە، بێگومان ئەوە ئاڵنگارییەکی گەورەیە کۆنترۆڵی کوالیتی ریال مەدرید بکەی، بەڵام دەرگای گەڕانەوەش کراوەیە. ئەوە لەسەر ئێمە دەمێنێتەوە، ئایا دەمانەوێت زیاتر بیکەینەوە یان نا. ئەمە بیرکردنەوەی منە ئێستا". 
 
سەبارەت بە ئاستی تیپەکەیشی لە یارییەکەدا، لامپارد گوتی "پێموایە بۆ ماوەیەکی زۆر لەگەڵ 11 یاریزان، ئێمە لە یارییەکەدا بووین و هەندێک هەلمان هەبوو. دەتوانین باشتریش پێشکێش بکەین. بەدڵنیاییەوە دەتوانین خاڵە بەهێزەکانمان باشتر بەکاربهێنین".
 
راهێنەری کاتیی چێڵسی، راشکاوانە گوتیشی "بەڕاستی نەماندەزانی ریال مەدرید ئەوەندە بەهێزە، بەڵام جەنگە گەورەکە هەفتەی داهاتوو لە ستامفۆرد بریج دەبێت، بە یاریزانەکانم گوتووە رووداوە سیحراوییەکان لە ستامفۆرد بریج دەبن".
 
ئینجا دەربارەی چارەنووسی ئەویش پرسیاریان لێکرد و ئەو لە وەڵامدا گوتی "نازانم یاریی گەڕانەوە چارەنووسی من دیاری دەکات یان نا، چونکە پێموانییە یەک یاری  داهاتووم بگۆڕێت، من تا کۆتایی وەرز لێرەم، ئەوە زۆر روونە و من بەو بیرۆکەیە ئەم ئەرکەم وەرگرتووە و بە تەواوی لێیتێدەگەم. بیر لەوە ناکەمەوە کە ئایا لە مانگی ئایار یان حوزەیران چی روودەدات. من وا بیرناکەمەوە. ئەو پرسیارەم زۆر لێدەکرێت لە شەش هەفتەی داهاتوو".