فەرمی.. بەهۆی رۆناڵدۆوە راهێنەری نەسڕ دوورخرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
یانەی نەسڕی سعودی بەشێوەیەکی فەرمی دوورخستنەوەی رودی گارسیا، راهێنەری فەرەنسیی لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەکەی راگەیاند.
یانە سعودییەکە لەسەر ماڵپەری فەرمی خۆی دوورخستنەوەی راهێنەرەکەی راگەیاند و نووسیوویەتی "یانەی نەسڕ دەتوانێت رایبگەیێنێت کە رودی گارسیا بە رێککەوتنی هەردوولا لە پۆستەکەی دوورخرایەوە."
یانەکە لە بەشێکی دیکەی راگەیێنراوەکەیدا نووسیوویەتی "دەستەی کارگێڕیی یانەی نەسڕ سوپاسی رودی و ستافەکەی دەکات بۆ ئەو کارە دڵسۆزانەی لە ماوەی 8 مانگی رابردوودا لەگەڵ یانەکە ئەنجامیاندا."
دوورخستنەوەی رودی گارسیا لە راهێنەرایەتی یانەی نەسڕ لەکاتێکدایە، لە دوای یارییەکەیان بەرامبەر یانەی فەیحا کە بەیەکسانبوون کۆتاییهات، گرژی لەنێوان رۆناڵدۆ و راهێنەرەکەدا روویداوە و رۆناڵدۆ رەخنەی زۆری لە شێوازی یارییکردنی راهێنەرەکە گرتووە و داوایکردووە بەشێوەی هێرشبەری یاریی بکەن.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، یانەی نەسڕ لە بەرامبەر دوورخستنەوەی رودی گارسیا، لە راهێنەرایەتی یانەکە 15 ملیۆن ریالی سعودی وەک قەرەبوو دەداتە ئەو راهێنەرە فەرەنسییە.
جۆزێ مۆرینیۆ و خۆرخی جیسۆسی پۆرتوگالی و مارسێلۆ گایاردۆی ئەرجەنتینی، بەربژێرن بۆ وەرگرتنی راهێنەرایەتی یانەکە، بەڵام ئەگەری هەیە سەعد شەهری، راهێنەری هەڵبژاردەی دووەمی سعودیە تاوەکو کۆتایی وەرز راهێنەرایەتی یانەکە وەربگرێت.