ریاز مەحرەز لە مزگەوتی پێغەمبەر د.خ نوێژی تەراویح دەکات

ریاز مەحرەز
رووداو دیجیتاڵ

 

ریاز مەحرەزی جەزائیری، ئەستێرەی یانەی ئەهلی سعودی، نوێژی تەراویحی لە مزگەوتی پێغەمبەر د.خ ئەنجامدا.
 
گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لەلایەن ئامادەبووانەوە گیراوە، و بەشێوەیەکی بەرفراوان لە سۆشیال میدیا بڵاوبووەتەوە، دەردەخات کە مەحرەز لە مەدینە و لەنێو مزگەوتی پێغەمبەر د.خ نوێژی تەراویح دەکات.
 
دوێنێ ڤیدیۆیەکی دیکە بڵاوکرایەوە کە یاریزانەکە نانی بەیانی لەگەڵ ئامادەبووان لە مزگەوتی پێغەمبەر د.خ دەخوات.
 
مەحرەز لە گرتەیەکی دیکەدا دەرکەوت کە لەلایەن هاندەرێکەوە پەیوەندی پێوەدەکرا و داوای لێکرد کە ئەم وەرزە یانەی ئەهلی بباتە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا.
 
 
مەحرەز سەرکردایەتی یانەی ئەهلی کرد بۆ قۆناخی چارەکی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی تۆپی پێی بژاردەی ئاسیا، دوو گۆڵی تۆمارکرد لەو یارییەدا کە بەئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە رەیانی قەتەری بردەوە، دوای ئەوەی لە یاریی چوونیشدا بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لێیبردبووەوە.
 
ریاز مەحرەز لە 10 یارییدا لە رکابەرییە کیشوەرییەکەدا 8 گۆڵ و 7 ئەسیستی هەیە.
 
مەحرەز لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام ئاهەنگی بەبۆنەی سەرکەوتنەکەیان گێڕا و  نووسیبووی: ئارام بن... بۆ قۆناخی چارەکی کۆتایی"، وەک ئاماژەیەیەک بە سەرکەوتنی یانەی ئەهلی سعودیە بۆ قۆناخی چارەکی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی بژاردەی ئاسیا.
 
بڕیارە رۆژی دووشەممە 17ـی ئازار لە شاری کوالالامپوری مالیزیا تیروپشکی قۆناخی چارەکی کۆتایی خولی پاڵەوانەکانی بژاردەی ئاسیا ئەنجام بدرێت.