ڤیدیۆ؛ رووداو، ئامەدسپۆر و زاخۆ بەیەک دەگەیێنێت


رووداو دیجیتاڵ

بەدەستپێشخەریی و لەسەر پێشنیازی تۆڕی میدیایی رووداو، هەردوو یانەی ئامەدسپۆری باکووری کوردستان و یانەی زاخۆ لە باشووری کوردستان، یارییەکی دۆستانە لە نەورۆزی ئەمساڵدا ئەنجامدەدەن.
 
یارییەکە بڕیارە رۆژی 23ی ئەم مانگە، لەگەڵ جەژنی نەتەوەیی نەورۆز لە یاریگەی ئامەد، لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان بەڕێوەبچێت.
 
کۆبوونەوەی هەردوو یانە کوردستانییەکە لە یارییەکی دۆستانەدا، پاشئەوەهات کە دێسکی وەرزشی تۆڕی میدیایی رووداو، دەستپێشخەری و پێشنیازی ئەنجامی یارییەکەی خستە بەردەم بەرپرسانی یانەی زاخۆ و دواتر بەرپرسانی یانەی زاخۆ، لە رێگەی نووسینگەی رووداوەوە لە ئامەد، هەمان پێشنیازیان خستە بەردەم بەرپرسانی یانەی ئامەدسپۆر و هەردوولا بە لەبەرچاوگرتنی خشتەی یارییەکانیان لە خولەکانی عێراق و تورکیا، کاتی ئەنجامدانی یارییەکەیان دەستنیشانکرد.
 
تۆڕی میدیایی رووداو، سپۆنسەری میدیایی یارییەکە دۆستانەکە دەبێت و شاندی یانەی زاخۆ، بەرلە کاتی یارییەکە بەچەند رۆژێک، روو لە باکووری کوردستان دەکات بۆ کردنەوەی کەمپێکی مەشق و راهێنان و لەوێ رووبەڕووی یانەکەی باکووری کوردستان دەبێتەوە.
 
پێشبینیکراوە یارییەکە ببێتە جێگەی سەرنجی هاندەرانی هەردوو یانە لە باشوور و باکووری کوردستان و یەکەمجارە لە مێژوودا ئەو دوو یانە کوردستانییە، لە یارییەکی دۆستانەدا بەیەکدەگەن.
 
یانەی زاخۆ لە وەرزی ئەمساڵی خولی ئەستێرەکانی عێراق، پێشەنگە و رکابەریی لەسەر نازناوی خولەکە دەکات، لە کاتێکدا یانەی ئامەدسپۆر کە لە خولی پلە یەکی تورکیادا یاری دەکات و لە پلەی هەشتەمی ریزبەندی خولەکەیە و رۆژی یەکشەممە لە گەڕی 30ـی خولەکەدا بەرامبەر یانەی ئەرزروم یاری دەکات.