رۆناڵدۆی دیاردە: دەرگاکەیان بەڕوودا داخستم

رووداو دیجیتاڵ
رۆناڵدۆ نازاریۆی ئەفسانەی تۆپی پێی بەرازیل، بۆ یەکەمجار لە دوای پاشەکشەکردنی لەبەربژێربوون بۆ سەرۆکایەتیی فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکەی ئاشکرایکرد دەرگای گەیشتن بەپۆستەکەی بەڕوودا داخراوە.
رۆناڵدۆ پێشتر بەربژێربوونی خۆی بۆ سەرۆکایەتیی فیدراسیۆنەکە راگەیاندبوو، بەڵام پێویستی بەپشتگیری و دەنگپێدانی فیدراسیۆنە نێوخۆییەکانی تۆپی پێی وڵاتەکەی هەبوو، تاوەکو بەفەرمی ببێتە بەربژێری پۆستەکە. کاتێک ئەوەی بەدەستنەهێنا، پاشەکشەی کرد.
رۆناڵدۆی 48 ساڵ، براوەی پێشووی باڵۆندۆر و هەڵگری نازناوی دوو مۆندیال لەگەڵ بەرازیل، لە مانگی دوانزەی رابردوودا بەربژێربوونی خۆی بۆ سەرۆکایەتیی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل راگەیاند و ئاشکرایکرد کارەکە دەکات لەپێناو، "بەدەستهێنانەوەی ئەو پێگەیەی بەرازیل هەیبووە".
فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل ساڵانێکی زۆرە لە نێو مشتومڕێکی زۆردا دەژی بەهۆی بەردەوام گۆڕینی سەرۆکەکەی و پاشەکشەی گەورەی هەڵبژاردەی بەرازیل لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت جامی جیهانی.
رۆناڵدۆ لە دوای پاشەکشەکە دووپاتیکردەوە نەیتوانیوە رکابەریی ئێدنالدۆ رۆدریگێزی سەرۆکی ئێستای فیدراسیۆنەکە بکات، کە زۆرینەی زۆری دەنگدەران پشتگیریی دەکەن.
دیاردە، لە بڵاوکراوەیەکدا لە پاش پاشەکشە ئاشکرایکردووە، لە پەیوەندییە سەرەتاییەکانم لەگەڵ فیدراسیۆنە نێوخۆییەکانی تۆپی پێی وڵات کە ژمارەیان 27 فیدراسیۆنە، دەرگای 23 دانەیان بەڕوومدا داخرا کاتێک داوای دەنگدانم لێکردن، هەر بۆیە کاتێک زۆرینەی بڕیاربەدەستدان پێیانوایە فیدراسیۆنەکە لە دەستێکی ئەمیندایە، ئیدی من هیچ هەوڵنادەم و دەکشێمەوە.
رۆناڵدۆ زیاتر دەڵێ، "سەرۆکی فیدراسیۆنە نێوخۆییەکانی تۆپی پێی بەرازیل، رەتیانکردەوە میوانداریم بکەن و گوتیان ئێمە دڵخۆشین بەمامەڵەکردن و هەڵبژاردنەوەی رۆدریگێز. هەرلەبەرئەوە من نەمتوانی پڕۆژەکەی خۆم بخەمە روو و کەسیش گوێی لە بیرۆکەکانم نەگرت، کەس کراوەنەبوو بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵم".
دەستەی دەنگدەران لە هەڵبژاردەی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل لە 27 فیدراسیۆنی نێوخۆیی پێکدێت کە هەریەکێکیان لە هەڵبژاردندا سێ دەنگیان هەیە. لە کاتێکدا یانە پلە یەکەکانی بەرازیل کە ژمارەیان 20 یانەیە، هەریەکەیان دوو دەنگی لە هەڵبژاردندا هەیە و تیپەکانی پلە دووی وڵاتەکە، هەریەکەیان خاوەنی یەک دەنگن.