یوفا بڕیاری خۆی سەبارەت بە رەتکردنەوەی لێدانی یەکلاکەرەوەی ئەلڤارێز دا

ئەلڤارێز لە کاتی لێدانەکەی
رووداو دیجیتاڵ

 

یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا سەبارەت بە لێدانی یەکلاکەرەوەی جولیان ئەلڤارێز بەرامبەر ریال مەدرید، کە مشتومڕی نایەوە، دەڵێت "بڕیاری ناوبژیوان دروست بوو".
 
یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا روونیدەکاتەوە بۆچی لێدانی یەکلاکەرەوەی جولیان ئەلڤارێز لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ریال مەدرید کە گۆڵی کرد بە گۆڵ هەژمار نەکرا.
 
ئاتلێتیکۆ مەدرید جارێکی دیکە تووشی بێئومێدی بوو بەرامبەر ریال مەدریدی هاوشاری لە چامپیۆنزلیگدا، کە سەرەڕای بردنەوەی یاریی گەڕانەوە لەنێو یاریگای میترۆپۆلیتانۆدا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر، بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە تووشی شکست بوو.
 
بۆچی لێدانی یەکلاکەرەوەی ئەلڤارێز رەتکرایەوە؟
 
دوای ئەوەی کیلیان ئێمباپێ، ئەلیکساندەر سۆرلۆس و جود بێلینگهام لێدانەکانیان گۆڵکرد، ئەلڤارێزیش لێدانەکەی گۆڵ کرد، بەڵام هێرشبەرە ئەرجەنتینییەکە لەکاتی جێبەجێکردنی لێدانەکەیدا قاچی خلیسکا و قاچی چەپی بەر تۆپەکە کەوت بەر لەوەی بە قاچی راستی لێبدات.
 
سیمۆن مارچینیاکی ناوبژیوان لەلایەن ڤارەوە ئاگادارکرایەوە کە گۆڵەکەی ئەلڤارێز نایاساییە و رەتکرایەوە.
 
راگەیێنراوی فەرمی یوفا
 
یوفا لە راگەیێنراوێکدا پشتڕاستی کردووەتەوە، یاریدەدەری ناوبژیوانی ڤیدیۆیی VAR ئەو کەسە بووە کە بڕیاری رەتکردنەوەی لێدانەکەی جولیان ئەلڤارێزی داوە، دوای ئەوەی دووبارە سەیری دیمەنەکەی کردووەتەوە و دەرکەوتووە کە یاریزانەکە هەردوو قاچی بەر تۆپەکە کەوتووە، ئەمەش پێچەوانەی یاساکانی تۆپی پێیە.
 
یوفا دەڵێت "خلیسکانەکەی ئەلڤارێز وایکرد لە کاتی لێدانەکەدا هەردوو قاچی بەر تۆپەکە بکەوێت، ئەمەش پێچەوانەی ئەو یاسایانەیە کە دەڵێن دەبێت لێدانەکە تەنیا بە یەک قاچ لێبدرێت، لە ئەنجامدا گۆڵەکە رەتکرایەوە".
 
لە راگەیێندراوەکەدا، یوفا روونیکردووەتەوە، بڕیارەکە بەبەکارهێنانی هیچ هەستەوەر و تەکنەلۆژیایەکی دیکە نەدراوە، بەڵکو تەنیا لەسەر بنەمای دووبارەکردنەوەی تەلەڤزیۆنی بووە بۆ دیاریکردنی هەڵەکە.