ئەمشەو دێربیی تارانە

رووداو هەولێر 

ئەمڕۆ چوارشەممە لە گەڕی 20ـی خولی ئێرانی، کاژێر 7:30ـی ئێوارە، یاریی دێربی شاری تاران لەنێوان هەردوو یانەی پێرسپۆلیس و ئیستقلال لەنێو یاریگەی ئازادی بەڕێوەدەچێت. 
 
ئەمە یاری ژمارە 103ـی دێربیی هەر دوو یانەیە لە خولی ئێران، یانەی ئیستقلال وەرزی ئەمساڵ ئاستێکی بەرزی پێشکێشکردووە و بەکۆکردنەوەی 42 خاڵ لە پلەی پێشەنگی ریزبەندیی خولەکەیە، هەرچی یانەی پێرسپۆلیسە رکابەرییەکی بەهێزدەکات و بەکۆکردنەوەی 39 خاڵ لە پلەی دووەمی ریزبەندییە. 
 
ئەمساڵ ئەوەی بووەتە مایەی دەنگدانەوە لە میدیاکانی ئێران و کیشوەری ئاسیا، ئەوەیە کە بۆ یەکەمجار لە مێژووی تۆپی پێی ئەو وڵاتەدا، 3 خانمە ناوبژیوان بەشداری لە بەڕێوەبردنی یارییەکەدا دەکەن، بەشداری خانمان لەم یارییەدا چاوەڕواندەکرێت وەک هاندەر زۆربێت ئەمەش دوای ئەوەی 40 ساڵ بوون خانمان دووربوون لە یاریگەکان، کە بەپێی ئاماری فیدراسیۆنی تۆپی پێیی ئێران لە یاریی دێربی تاران  وەرزی رابردوو 3000 خانمە هاندەر لەنێو یاریگەی ئازادی ئامادەی یارییەکە بوون. 
 
محەممەد ئەمیری، شارەزای خولی ئێرانی، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "یارییەکە کەش و هەوایەکی خۆش بە هاندەرانمان دەبەخشێت، ئێستا بارودۆخی ئیسقلال لەبارتر و باشترە بۆ ئەوەی یارییەکە بباتەوە، لەبەرئەوەی بەربژێری من بۆ بردنەوەی نازناوی وەرزی ئەمساڵ خولی ئێران هەر ئیستقلالە ". 
 
لەم یارییەدا دوو ئەستێرەی کورد لە ریزی یانەی ئیستقلال یاریدەکەن کە بریتیین لە عەلی رەزا بەیرانوەندی گۆڵپارێز و زوبێر لێک نەفەس. عەلی رەزای گۆڵپارێز 18 یاری ئەنجامداوە 8 کلین شیتی هەیە و 13 جار گۆڵی لێکراوە، زوبێر لێک نەفەس 12 یاری ئەنجامداوە و هیچ گۆڵ و ئاسیستێکی نییە. 
 
یانەی ئیستقلال لە 1945 دامەزراوە و یانەیەکی جەماوەری شاری تارانە، خاوەن 9 نازناوی خولی ئێرانە و 10 جاریش پلەی دووەمی بەدەستهێناوە، 2 جار لە ساڵانی 1970 و 1990 نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیای بردووەتەوە، دووجاریش پلەی دووەمی چامپیۆنزلیگی ئاسیا بەدەستهێناوە. 
 
یانەی پرێسپۆلیس لە 1963 دامەزراوە، 15 جار نازناوی خولی ئێرانی بردووەتەوە، 3 جار نازناوی جامی سوپەری ئێرانی بەرزکردووەتەوە، لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا 2 جار پلەی دووەمی وەرگرتووە. 
 
درێسی سەرەکی یانە ئیستقلال شینە و درێسی یانەی پێرسپۆلیس سوورە، یاریگای ئازادی لە تاران کە لە 1971 دروستکراوە و شوێنی زیاتر لە 95 هەزار هاندەری تێدا دەبێتەوە، چاوەڕواندەکرێت ئێوارەی ئەمڕۆ شین و سوور بچێتەوە لە کەرنەڤاڵی هاندەرانی هەر دوو یانەدا.