بارسێلۆنا چاوی لە ئەستێرەیەکی گەورەی ئیتاڵیایە

رووداو دیجیتاڵ
 
یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی دەیەوێت چەند ئەستێرەیەک بگوازێتەوە و گۆڕانکاری ریشەیی لە پێکهاتەکەیدا بکات.  
 
بەپێی رۆژنامەی سپۆرت، سەرەڕای کێشە داراییەکانی، بارسێلۆنا دەیەوێت بەهەر جۆرێک بێت لە هاوینی داهاتوودا ئەستێرەیەکی گەورە بگوازێتەوە ریزەکانی، بۆ ئەو مەبەستەش لە ئێستاوە دەستی بە رێکارەکانی فرۆشتنی بەشێک لە ستۆدیۆکانی کردووە و پێشبینی دەکرێت بەو رێگەیە بڕی 200 ملیۆن یۆرۆ بەدەستبهێنێت. 
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە بارسا چاوی لە یاریزانێکی چەقی ناوەڕاستە، بۆ ئەو مەبەستە ئاندرێ ئۆنانای ناوەڕاستکاری ئێڤەرتنی کردووەتە ئامانج و دەیەوێت بیگوازێتەوە، بە مەرجێک نرخی یاریزانەکە لە 40 ملیۆن یۆرۆ تێپەڕنەکات. 
 
بەپێی سپۆرت، گواستنەوەی هێرشبەرێکی باڵ یەکێکی دیکەیە لە ئامانجەکانی بارسا، بۆ ئەو مەبەستە یانەکە چاودێری رافایێل لیاو، یاریزانی پۆرتوگالی و ئەستێرەی یانەی ئەیسی میلانی ئیتاڵی دەکات و لە ریزی پێشەوەی ئەو یاریزانانەی دادەنێت کە دەیەوێت بیانگوازێتەوە. 
 
ئەم هەوڵانەی بارسا لە کاتێکدایە لە کە لە ماوەی رابردوودا هەواڵی ئەوە بڵاوبووەوە کە لیاو دەیەوێت ئیتاڵیا بەجێبهێڵێت و پێشبینی دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەستێرە پۆرتوگالییەکە پەیوەندی بە یانەیەکی دەرەوەی ئەو وڵاتەوە بکات. 
 
بە گوتەی سپۆرت، یانەی ئەیسی میلان لەپێناو دەستبەرداربوون لەو یاریزانە داوای 150 ملیۆن یۆرۆ دەکات، بەڵام بارسا دەیەوێت لەسەر بڕێکی کەمتر رێکبکەوێت و ئامادەیە لە پێناو گواستنەوەی لیاو چەندین ئەستێرەی یانەکەی بفرۆشێت و بە یاریزانانی لاماسیا شوێنیان پڕبکاتەوە.
 
ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە یانەی بارسێلۆنا بە دۆخێکی ناجێگیردا تێپەڕدەبێت، یانەکە لە لالیگادا 10 خاڵ لە دوای ریال مەدریدی پێشەنگەوەیە و لە جامی شای ئیسپانیاش کراوەتە دەرەوە، چاڤی هێرناندێزی راهێنەری یانەکەش رایگەیاندووە کە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا یانەکە بەجێدەهێڵێت.