ڤیدیۆ؛ تۆنی کرووس: دەتوانین چامپیۆنزلیگ ببەینەوە
رووداو دیجیتاڵ
تۆنی کرووس، یاریزانی ئەڵمانیی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، دووپات لەوە دەکاتەوە کە دەیەوێت بەباشی بیر بکاتەوە ئینجا بڕیار بدات ئایا ساڵێکی دیکە لەگەڵ ریال مەدرید گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە یان نا، هەروەها بۆ ئەوەی بڕیاربدات بگەڕێتەوە ریزەکانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا یان نا.
کرووس بەشداری لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یاریی ریال مەدرید بەرامبەر لایپزیگ، لە یاریی چوونی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگدا کرد و دووپاتیکردەوە، کە پەلە ناکات لە هیچ بڕیارێکی.
رۆژنامەڤانان دوو پرسیاری گرنگییان لە کرووس کرد، کە ئایا ساڵێکی دیکە گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید نوێدەکاتەوە؟ و ئایا لە بڕیاری وازهێنانی نیودەوڵەتی پاشگەز دەبێتەوە و دەگەڕێتەوە ریزەکانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بۆ بەشداریکردن لە یۆرۆی 2024 لە ئەڵمانیا؟.
تۆنی کرووس، بەمشێوەیە وەڵامی هەردوو پرسیارەکەی دایەوە:
"زۆر دڵخۆشم بە بڕیاری یاریکردن بۆ ساڵێکی دیکە لەگەڵ ریال مەدرید، با بزانین ئەمساڵ چی روودەدات. لە راستیدا ئێستا چێژ لەم ساتانە وەردەگرم، بەڵام هێشتا کاتم هەیە پێش ئەوەی بڕیارێک سەبارەت بە وەرزی داهاتوو بدەم، لە کۆتاییدا دەمەوێت بڕیارێکی دروست بدەم. سەبارەت بە هەڵبژاردەی نیشتمانی دۆخەکە هاوشێوەیە، هێشتا بیری لێدەکەمەوە ئەگەری پاشگەزبوونەوە لە وازهێنانی نێودەوڵەتی هەیە، ئەوە راستە، با ببینین لە کۆتاییدا چی روودەدات لە کۆتاییدا، هێشتا نازانم چی روودەدات".
سەبارەت بەوەی ئایا ریال مەدرید بەربژێرە بۆ بردنەوەی چامپیۆنزلیگ؟ کرووس لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا گوتی "نازانم، بەڵام روونە کە ئێمە توانای بەدەستهێنانی نازناوەکەمان هەیە، چەندینجار ئەوەمان سەلماندووە و کوالیتی تیپەکەمان سەلماندوویەتی، دەزانین کە تیپی باشی دیکەش هەن و دواجار ساڵی رابردوو ئەوەمان بینی، بەڵام یەک رۆژی خراپ دەتوانێت بەس بێت بۆ ئەوەی لە پاڵەوانێتییەکە دەرت بکات".