وەرزشوانێکی کورد بەهۆی نەخۆشییەوە چەند مانگێکە لەنێو جێگە کەوتووە


رووداو - هەولێر

دلێر رەسوڵ وەرزشڤانی دێرینی شاری هەولێر و پاڵەوانی باسکە، دوای چلوپێنج ساڵ لە خزمەتکردنی بوارەکەی، بەهۆی نەخۆشیەوە لەسەر جێگا کەوتووە.

ئەم وەرزشڤانە خاوەن هەگبەیەکی دەوڵەمەندە لە یاریی کردنی لە ریزی هەڵبژاردەی باسکەی هەولێر و عێراق، هەروەها وەک راهێنەر لەگەڵ یانەی ئەکاد دوو جار نازناوی پاڵەوانێتی کچانی عێراقی بردووەتەوە.

دلێر رەسوڵ جگە لە یاری باسکە، حەزی لە یاری تۆپی پێ بووە و لە یانەکانی هەولێر و برایەتی یاری کردووە و لە هەشتاکان یەکێک بووە لە یاریزانە دیارەکانی هەڵبژاردەی باسکەی عێراق.

بەهۆی نەخۆشییەوە 5 مانگە قاچەکانی دلێر رەسوڵ لەکارکەوتوون،  تا ئێستا لەلایەن چەند پزیشکەوە پشکنینی بۆ کراوە و چارەسەری پێدراوە، بەڵام یەکێک لە پزیشکەکانی پێیوایە چارەسەریی ئەو لە دەرەوەی وڵاتە.

دلێر رەسوڵ پێشمەرگەی دێرین بووە و ساڵانێک وەک مامۆستا و شارەزا لە بواری پەروەردەی وەرزش خزمەتی کردووە و ئێستاش جێگری سەرۆکی یەکێتی پایسکلسواری هەرێمی کوردستانە.