مۆرینیۆ داوایەک لە سەرۆکی ریال مەدرید دەکات

رووداو دیجیتاڵ

جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری پۆرتوگالی، کە دووپاتیکردەوە کە هاندەری یانەی ریال مەدریدە، داوا لە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ریال مەدرید دەکات گرێبەستێکی ئاگرین ئەنجام بدات، چونکە پێیوایە دەبێتە هۆی بازدانێکی گەورە بۆ تیپی شاهانە!
 
مۆرینیۆ دڵنیایە کە ئەو یاریزانە دەبێتە زیادەیەکی گەورە بۆ ریال مەدرید، بۆیە پێشنیازی بۆ پێرێز کردووە دەستبەجێ و بە زووترین کات گرێبەستەکەی مسۆگەر بکات!
 
جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری یانەی فەنەربەهچەی تورکیا، هیوادارە نیکۆ ویلیامز ئەستێرەی یانەی ئاتلێتیک بیلباو بچێتە یانەی ریال مەدرید، کە پێشتر راهێنەری ئەو یانەیە بووە.
 
پێش ئەوەی یانەکەی تورکیا رووبەڕووی بیلباو ببێتەوە لە یۆرۆپالیگدا، کە 0-2 پێیدۆڕان، مۆرینیۆ قسەی کرد، و سەرسامییەکی گەورەی خۆی بە نیکۆ نیشاندا، و دووپاتیکردەوە کە ئاواتەخوازە رۆژێک بە درێسی ریال مەدریدەوە بیبینێت.
 
مۆرینیۆ لە لێدوانێکیدا بۆ رادیۆی بیلباوی ئیسپانی، رایگەیاند "لەماوەی یۆرۆی رابردوودا هەمووان هەمیشە باسی لامین یامالیان دەکرد، بێگومان ئەو یاریزانێکی لاوی نایابە، بەڵام من بەشێوەیەکی تایبەت نیکۆ ویلیامزم پێ باشترە".
 
جۆزێ زیاتر گوتی "هیوادارم نیکۆ بچێتە ریال مەدرید، من هاندەری ریال مەدریدم لە ئیسپانیا".
 
هەندێک لە سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان، دەڵێن "مۆرینیۆ پەیوەندی بە پێرێزەوە کردووە و نیکۆی بۆ پێشنیاز کردووە بۆ ئەوەی بیباتە ریال مەدرید".
 
ئەم داواکارییەی مۆرینیۆ لە کاتێکدایە کە بارسێلۆنا لە هاوینی رابردوودا هەوڵی زۆری دا بۆ ئەوەی گرێبەست لەگەڵ نیکۆ ویلیامز بکات، بەڵام ئەو یاریزانە پێیباشبوو لانیکەم ساڵێکی دیکە لەگەڵ بیلباو بمێنێتەوە، تەنانەت هێشتا هەندێک لە راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان باس لەوە دەکەن کە نیکۆ هێشتا ئامانجێکی گرنگی بارسێلۆنایە.