ئەمشەو چامپیۆنزلیگە و مان یونایتد لە لێواری ماڵئاواییکردنە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو دوایین گەڕی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ دەستپێدەکات و هەموو چاوەکان لەسەر کۆمەڵەی یەکەمی پاڵەوانێتیەکەن، کە تێیدا یانەی مانچێستەر یونایتد لەگەڵ گاڵاتەسەرای و کۆپنهاگن شەڕی بەدەستهێنانی بلیتێکی قۆناخی داهاتوو دەکەن.
بایرن میونشن vs مانچێستەر یونایتد
لە گرنگترین یاریی ئەمشەودا، یانەی مانچێستەر یونایتد لە یاریگەی ئۆڵدترافۆرد میوانداری بایرن میونشن دەکات، لە یارییەکدا کە داهاتووی مان یونایتد لە پاڵەوانێتییەکەدا دیاری دەکات.
مانچێستەر یونایتد بە دۆخێکی کارەساتباردا تێدەپەڕێت بە شێوەیەك کە یانەکە لەم وەرزەدا ژمارەی دۆڕانەکانی (11 دۆڕان) یەکسانە بە ژمارەی بردنەوەکانی (11 بردنەوە)، لە دوایین یاریشیدا لە پرێمەرلیگ لە یاریگەی ئۆڵدترافۆرد بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر بۆ بۆرنمۆس دۆڕا و ئێستا پلەی شەشەمی خولەکەی گرتووە.
دۆخی یانەکە لە چامپیۆنزلیگدا خراپترە و باشتر نییە، مان یونایتد بە 4 خاڵ لە دوایین پلەی ریزبەندی کۆمەڵەکەی دێت و لەو پێنج یارییەی ئەنجامیداوە تەنیا یەك بردنەوەی هەیە، سێ یاری دۆڕاندووە و یارییەکەی دیکەی یەکسانکردووە. بەدەستهێنانی بلیتێکی قۆناخی داهاتوو بۆ مان یونایتد کارێکی سەختە، یانەکە دەبێت یارییە قورسەکەی خۆی دژی بایرن بباتەوە و هەروەها لە لایەکی دیکەوە پێویستی بەوەیە یارییەکەی نێوان کۆپنهاگن و گاڵاتەسەرای بە یەکسانبوون کۆتایی بێت بۆ ئەوەی کورسیەکی قۆناخی 16ـی پاڵەوانێتییەکە مسۆگەربکات.
بایرن میونشن لە چامپیۆنزلیگدا هیچ شتێکی نەماوە شەڕی بۆ بکات، یانەکە لە پێنج یاریدا چوار بردنەوە و یەکسانبوونێکی هەیە، بە 13 خاڵ پێشەنگی کۆمەڵەکەی گرتووە و سەرکەوتنی بۆ قۆناخی داهاتوو بە پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەی مسۆگەرکردووە و ئێستا تەنیا دەیەوێت ئەو یانەیە دیاریبکات کە بۆ قۆناخی داهاتوو یاوەری دەکات.
لە یەکەمین رووبەڕووبوونەوەی نێوانیان لەم وەرزەی خولەکەدا، بایرن توانی لە یاریگەی ئالیانز ئارێنا لە یارییەکی پڕ گۆڵدا بە ئەنجامی 4-3 لە مانچێستەر یونایتد بباتەوە و یەکەم بردنەوەی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ بەدەستبهێنێت.
کۆپنهاگن vs گاڵاتەسەرای
لە یارییەکی دیکەی هەمان کۆمەڵەدا، یانەی کۆپنهاگن لە یاریگەی پارکن ستەیدیەم میوانداری گاڵاتەسەرای دەکات.
کۆپنهاگنی دانیمارکی توانی لە دوایین دوو یاریدا چوار خاڵی زێڕین بەدەستبهێنێت کاتێك لە یارییەکی دراماتیکیدا توانی بە ئەنجامی 4-3 لە مانچێستەر یونایتد بباتەوە و دواتریش لە بەرامبەر بایرنی پێشەنگی کۆمەڵەکە خاڵێكی بەدەستهێنا و هیوای گەیشتنی بە قۆناخی داهاتووی خولەکە زیندووکردەوە.
بەهەمان شێوەی کۆپنهگان، گاڵاتەسەرای لە پێنج یاریدا بردنەوەیەك، دوو یەکسانبوون و دوو دۆرانی هەیە، بەڵام یانە دانیمارکییەکە بە جیاوازی گۆڵ لە پێش گاڵاتەسەرایەوە و پلەی دووەمی کۆمەڵەکەی گرتووە.
براوەی ئەم یارییە راستەوخۆ بۆ قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ سەردەکەوێت، کۆپنهگان ئەرکی ئاسانترە بەبەراورد بە گاڵاتەسەرای، چونکە لە ئەگەری سەرنەکەوتنی مانچێستەر یونایتد بەرامبەر بایرن میونشن، یانە دانیمارکییەکە بە یەکسانبوونیش بلیتێکی قۆناخی 16 مسۆگەر دەکات، بەڵام گاڵاتەسەرای تەنیا بە بردنەوە دەتوانێت بۆ قۆناخی داهاتوو سەربکەوێت.
ئایندهۆڤن vs ئارسیناڵ
لە کۆمەڵەیەکی دیکەدا، یانەی ئایندهۆڤن میوانداری ئارسیناڵ دەکات، لە یارییەکدا کە هەموو شتێك یەکلا بووەتەوە و هیچ نەماوە شەڕی بۆ بکرێت.
ئارسیناڵ لە پێنج یاریدا، چوار بردنەوە و دۆڕانێکی هەیە و بە 12 خاڵ سەرکەوتنی بۆ قۆناخی داهاتووی خولەکە بە پێشەنگی کۆمەڵەکەی مسۆگەرکردووە.
ئایندهۆڤنیش دوو بردنەوە، دوو یەکسانبوون و دۆڕانێكی هەیە و بە هەشت خاڵ وەك دووەمی کۆمەڵەکەی سەرکەوتنی بۆ قۆناخی 16 مسۆگەرکردووە.
لانس vs سێڤییا
لە یارییەکی دیکەی هەمان کۆمەڵەدا، یانەی لانسی فەرەنسی میوانداری سێڤییای ئیسپانی دەکات.
لانس لە سەرەتاکانی ئەم وەرزەدا لە ئارسیناڵی پێشەنگی کۆمەڵەکەی بردەوە و هیوایەکی زۆری بۆ سەرکەوتن بۆ قۆناخی داهاتوو بە هاندەرانی بەخشی، بەڵام دوای ئەو یاریە نەیتوانی هیچ بردنەوەیەكی دیکە بەدەستبهێنێت و ئێستا بە پێنج خاڵ پلەی سێیەمی کۆمەڵەکەی گرتووە و هیوای گەیشتنی بە قۆناخی داهاتوو لەدەستداوە، چاوی لەوەیە لەم یارییەدا خۆی لە شکستێکی دیکە بپارێزێت و بۆ پلەی ئۆفی یۆرۆپالیگ سەربکەوێت.
سێڤییاش دۆخی لە لانس خراپترە، لەم وەرزەی خولەکەدا هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە و بە دوو خاڵ لە دوایین پلەی ریزبەندی کۆمەڵەکەی دێت، چاوی لەوەیە بە بردنەوەی ئەم یارییە بچێتە پلەی سێیەم و بۆ پلەی ئۆفی یۆرۆپالیگ سەربکەوێت.
یونیەن بەرلین vs ریال مەدرید
لە کۆمەڵەیەکی دیکەدا، یانەی یونیەن بەرلین میوانداری ریال مەدریدی پێشەنگ دەکات.
لەم وەرزەی خولەکەدا، ریال مەدرید لە باشترین دۆخدایە و توانیویەتی سەرجەم یارییەکانی بباتەوە و بە 15 خاڵ سەرکەوتنی وەك پێشەنگی کۆمەڵەکەی بۆ قۆناخی داهاتوو مسۆگەر کردووە، لەم یارییەدا چاوی لەوەیە بەردەوامی بە ئاستە نایابەکەی بدات و هاوشێوەی یارییەکانی پێشووی بە بردنەوە کۆتایی پێبێنێت.
بە پێچەوانەی ریال مەدرید یونیەن بەرلین هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە، بە دوو خاڵ لە دوایین پلەی ریزبەندی دێت و هیوای گەیشتنی بە قۆناخی داهاتوو لەدەستداوە، بەڵام لە ئەگەری بردنەوەی یارییەکەی ئەمشەو و دۆڕانی براگا بەرامبەر ناپۆلی، یانەکە بۆ پلەی ئۆفی یۆرۆپالیگ سەردەکەوێت.
ناپۆلی vs براگا
لە یارییەکی دیکەی هەمان کۆمەڵەدا، یانەی ناپۆلی لە یاریگەی دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا میوانداری براگا دەکات.
ناپۆلی لە پێنج یاریدا دوو بردنەوە، یەکسانبوونێك و دوو دۆڕانی هەیە و بە حەوت خاڵ پلەی دووەمی کۆمەڵەکەی گرتووە.
براگا بە چوار خاڵ پلەی سێیەمی گرتووە و هێشتا هیوای گەیشتنی بە قۆناخی داهاتوو ماوە، یانەکە چارەنووسی لەدەستی خۆیدایە و دەتوانێت بە بردنەوەی ئەم یارییە بە جیاوازی دوو گۆڵ یان زیاتر، پلەی دووەم بە ناپۆلی چۆڵ بکات و بۆ قۆناخی داهاتوو سەربکەوێت.
ئینتەر میلان vs ریال سۆسیداد
لە کۆمەڵەیەکی دیکەدا، یانەی ئینتەر میلان میوانداری ریال سۆسیداد دەکات، لە یارییەکدا کە هەردوو یانە سەرکەوتنیان بۆ قۆناخی داهاتوو مسۆگەر کردووە و ئێستا شەڕی پلەی یەکەمی کۆمەڵەکە دەکەن.
هەردوو یانە لەو پێنج یارییەی ئەنجامیان داوە، سێ بردنەوە و دوو یەکسانبوونیان هەیە و خاوەنی 11 خاڵن، بەڵام سۆسیداد بە جیاوازی گۆڵ لە پێشەنگە و چاوی لەوەیە لە کۆتایی یارییەکەدا لە هەمان پلەی خۆیدا بمێنێتەوە.
بەهەمان شێوەی سۆسیداد، ئینتەر سەرکەوتنی بۆ قۆناخی داهاتوو مسۆگەرکردووە، بەڵام پێناچێت بەوەندە رازیبێت و دەیەوێت بە بردنەوەی یاریەکە پێشەنگ بە سۆسیداد چۆڵبکات و بە پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەی بۆ قۆناخی داهاتوو سەرکەوێت.
ساڵزبۆرگ vs بێنفیکا
لە یارییەکی دیکەی هەمان کۆمەڵەدا، ساڵزبۆرگ لە یاریگەی رێد بوڵ ئارێنا میوانداری بێنفیکا دەکات.
هەردوو یانە هیوای گەیشتنیان بۆ قۆناخی داهاتووی چامپیۆنزلیگ لەدەستداوە و ئێستا شەڕ لەسەر کورسیەکی پلەی ئۆفی یۆرۆپالیگ دەکەن.
ساڵزبۆرگ بە چوار خاڵ پلەی سێیەمی گرتووە و بێنفیکاش تەنیا خاڵێكی هەیە و لە دوا پلەی ریزبەندی کۆمەڵەکە دێت.
بێنفیکا ئەرکی قورسترە، بەتایبەتی کە پێویستی بەوەیە یارییەکە بە جیاوازی دوو گۆڵ یان زیاتر بباتەوە بۆ ئەوەی پلەی سێیەم لە ساڵزبۆرگ وەربگرێت و بۆ پلەی ئۆفی یۆرۆپالیگ سەربکەوێت.