ڤیدیۆ؛ هەڵبژاردەی بەرازیل بەفەرمی گەیشتە مۆندیالی 2022ـی قەتەر

رووداو دیجیتاڵ

 

هەڵبژاردەی بەرازیل بە بردنەوە لە کۆلۆمبیا، بووە یەکەم هەڵبژاردەی ئەمریکای باشوور کە بەفەرمی بگاتە مۆندیالی 2022ـی قەتەر.
 
لە گەڕی 13ـی پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2022ـی قەتەر، هەڵبژاردەی سامبا لەسەر یاریگەی ئارێنا کۆرینساینز لە شاری ساوپاولۆ، میوانداری هەڵبژاردەی کۆلۆمبیای کرد و بە زەحمەت 1-0 لێیبردەوە.
 
نیوەی یەکەم بە بێ گۆڵ کۆتاییهات، سەرەڕای ئەوەی هەردوو تیپ، چەندینجار هەوڵیاندا تۆڕی گۆڵی یەکدی بهەژێنن.
 
لە نیوەی دووەمیشدا هەردوو هەڵبژاردە زۆر هەوڵیاندا گۆڵ بکەن، تاوەکو لە خولەکی 72 نەیمار داسیلڤا ئاسیستێکی بۆ پاکێتا کرد و ئەویش گۆڵی پێشکەوتن و سەرکەوتنی بەرازیلی تۆمارکرد.
 
کۆلۆمبییەکان زۆر هەوڵیاندا بەر لە فیکەی کۆتایی یارییەکە، ئەنجامەکە یەکسان بکەنەوە، بەڵام نەیانتوانی ئەو کارە بکەن و بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بە بەرازیل دۆڕان.
 
هەڵبژاردەی بەرازیل بەم سەرکەوتنە، ژمارەی خاڵەکانی گەیاندە 34 خاڵ و بەفەرمی گەیشتنی خۆی بۆ مۆندیالی 2022ـی قەتەر مسۆگەرکرد، کە سامبا بووە یەکەم هەڵبژاردەی ئەمریکای باشوور بە فەرمی بگاتە مۆندیالی قەتەر.
 
یاریزانانی بەرازیل دوای یارییەکە ئاهەنگی سەرکەوتنیان گێڕا، کە لە 12 یارییدا 11 سەرکەوتن و یەک یەکسانبوونیان هەیە و لە هیچ یارییەکی ئەم پاڵاوتنانەدا نەدۆڕاون، 27 گۆڵیان کردووە و تەنیا 4 جار تۆڕی گۆڵیان هەژێنراوە، 9 خاڵ لە پێش ئەرجەنتینی دووەمی ریزبەندیین، کە لە یاریی داهاتوودا رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە.
 
تیتێی راهێنەری سامبا، دوای یارییەکە دڵخۆشیی خۆی و یاریزانەکانی بەم سەرکەوتنە و بە گەیشتن بە مۆندیال راگەیاند و دووپاتیکردەوە کە بەرازیل خاوەنی هەڵبژاردەیەکی بەهێزە و شایەنی ئەوەیە بەرازیلییەکان شانازی پێوە بکەن.
 
بەرازیل لەگەڵ تیتێ لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا:
 
24 یاری
21 بردنەوە
3 یەکسانبوون
57 گۆڵ
7 گۆڵی لێبووە
91,6% رێژەی سەرکەوتن
 
ئەنجامی یارییەکانی دیکە:
 
ئیکوادۆر 1-0 ڤێنزویلا
پاراگوای 0-1 چیلی
بەرازیل 1-0 کۆلۆمبیا
پێرو 3-0 بۆلیڤیا