ڤیدیۆ؛ پاڵەوانێتی تۆپی سەرمێز لە هەولێر بەڕێوەدەچێت

رووداو دێجیتاڵ
 
لە ماوەی سێ رۆژدا 8 تیپ لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر، رکابەری یەکدی دەکەن، بۆ بوون بە پاڵەوان، عەبدولحەق، عەبدولقەهار و عەبدولمەلیک سێ برای یەکدین ویاریزانی یانەی ھەولێرن ،  لەژێر سەرپەرشتی باوکیان دەیانەوێت نازناوەکە بۆ هەولێر ببەنەوە.

 

قەھار جەبار راھێنەری تۆپی سەرمێزی یانەی ھەولێرە باس لە گرنگی ئەم پاڵەوانیتیە دەکات و ئێستا دوو ئەرکی لەسەر شانە ، ھەم باوکایەتی و ھەمیش راھێنەرایەتیکردن. 
 
قەهار جەبار، بە رووداوی راگەیاند، ئێمە بە چوار یاریزان بەشداریمان کردووە ، سێیان یاریزانی گرنگن و لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق یارییان کردووە و دانەیەکیشیان تازەیە، دەمانەوێت ئەزموون وەربگرێت، ئەو پاڵەوانێتیانە واتای زیندووبونی ئەم شارەیە بۆ یاریی سەر مێز. 
 
ئامانج لە رێکخستنی ئەم پاڵەوانێتییە، دەستنیشانکردنی باشترین یاریزانەکانە، بۆ ئەوەی لە ماوەی داهاتوودا لە سعودیە بەناوی هەڵبژاردەی عێراقەوە بەشداری لە پاڵەوانێتییەکی عەرەبیدا بکەن..
 
ئومێد فاروق، سەرپەرشتیاری پاڵەوانێتیەکە بۆ رووداوی راگەیاند، ئەم پاڵەوانێتیانە هۆکارێکی باشن بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی ئەم یاریزانانە، ئەم پاڵەوانێتیە ئامادەکارییە بۆ پاڵەوانێتیەک لە سعودیە لە کۆتایی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت. 
 
هەولێر لە تۆپی سەر مێزدا، خاوەنی ژمارەیەکی زۆری یانە و یاریزانە، بەڵام دوای کۆتاییهاتنی ئەم پاڵەوانێتییە تەنیا 6 یاریزانیان هەڵدەبژێردرێن بۆ ئەوەی یاری بۆ هەڵبژاردەی عێراق بکەن.