میشێل سالگادۆ بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەک لە سلێمانییە
رووداو دیجیتاڵ
میشێل سالگادۆ، ئەستێرەی پێشووی یانەی ریال مەدرید لە سلێمانییە و تیپەکەی لە پاڵەوانێتییەکدا بەشداری دەکات، کە لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، میشێل سالگادۆ گەیشتە شاری سلێمانی بۆ ئەوەی راهێنەرایەتی یانەکەی خۆی، فورسان ئیسپانیای ئیماراتی بکات لە پاڵەوانێتییەکی دۆستانەدا.
پاڵەوانێتییەکە بە بەشداری چوار تیپ لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت و ماوەی سێ رۆژ دەخایێنێت، کە بریتین لە یانەی فورسان ئیسپانیای ئیماراتی، یانەی پێشمەرگەی سلێمانی، یانەی ئیتساڵات بەغداد و یانەی غاز شیمالی کەرکووک.
میشێل سالگادۆ، خاوەنی یانەی فورسان ئیسپانیا و راهێنەری یانەکەش دڵخۆشیی خۆی دەربڕی دەربارەی هاتنی بۆ کوردستان و گوتی "زۆر دڵخۆشم کە لە کوردستانم، دەزانم ئەم وڵاتە هاندەری ریال مەدریدی زۆر لێیە، سوپاسی هەموو کوردستان دەکەم، جیاوازی نییە هاندەری بارسێلۆنا بن یان ریال مەدرید".
سەبارەت بە شاری سلێمانیش رایگەیاند "دڵخۆشم بەوەی کە ئێستا لە سلێمانیم، بێگومان یەکێکە لە گەورەترین شارەکانی کوردستان".
سالگادۆ پاڵپشتی خۆی بۆ کوردستان دووپاتکردەوە و گوتی "من تەنیا بۆ پاڵەوانێتییەک لێرە نیم، ئێمە دەمانەوێت هاوئاهەنگی دروست بکەین، ئێستا دەبینن من لێرەم، دەتوانن بێن گەشتیاری بکەن یان وەبەرهێنان بکەن لەم وڵاتە، کوردستان وڵاتێکی نوێیە، هەمووان لێرە هەوڵ دەدەن پاڵنەربن بۆ ئەوەی بەهێزتر بێت، هیوادارم شتەکان بە باشی بڕۆن".
سەبارەت بە پێشکەوتنی وەرزش لە کوردستان، یاریزانی پیشووی هەڵبژاردەی ئیسپانیا و یانەی ریال مەدرید، گوتی "من دەتوانم کار و زانیارییەکانم بگەیێنمە گەنجان، نەک تەنیا لە تۆپی پێ، بەڵکو لە وەرزش بەگشتی، چونکە وەرزش بەها دەداتە کۆمەڵگا".
لە کۆتایی قسەکانیشیدا، سالگادۆ بە کوردی، بە هەموو ئامادەبووانی گوت "سوپاس".