ئۆڵیمپیاد کۆتاییهات و کۆمەڵێک ریکۆرد تۆمارکرا


رووداو دیجیتاڵ
ئۆڵیمپیادی پاریسی 2024 کۆتاییهات و لە رکابەرییەکانی یارییە جیاوازەکاندا چەند ریکۆردێکی سەرنجڕاکێش و مێژوویی تۆمارکران.
 
جولیان ئەلفرێد، یەکەم میدالیای لە مێژووی وڵاتی سانت لوسیا بەدەستهێنا، کاتێک توانی لە یاریی راکردنی 100 مەتری خانماندا پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت.
 
ئارماند دوپلانتیس، ریکۆردێکی نوێی جیهانی لە یاریی خۆهەڵدان بە دار تۆمارکرد، کاتێک توانی بەسەر بەرزایی 6.25 مەترەوە بازبدات و میدالیای زێڕ بەدەستبهێنێت.
 
تیا لافۆند، بە بەدەستهێنانی میدالیای زێڕ لە یاریی بازدانی سییانی، یەکەم میدالیای لە مێژووی دۆمینیکا تۆمارکرد.
 
دۆمینیکا، دوورگەیەکی کاریبییە و دانیشتوانەکەی نزیکەی 70000 کەسن، بۆ یەکەمجارە لە مێژوودا وەرزشوانێکی ئەو وڵاتە بتوانێت میدالیایەکی ئۆڵیمپی بەدەستبهێنێت.
 
وەرزشوانی لە دایکبووی کامیرۆن، سیندی ئێنگامبا، یەکەم میدالیای لە مێژووی ئۆڵیمپیاددا بۆ تیپی پەنابەران بەدەستهێنا.
 
تیپی پەنابەران، لە ئۆڵیمپیادی ریۆی 2016 دامەزرا و لە سێ ئۆڵیمپیادی جیاوازدا بەشدارییان کردووە، ئەو تیپە تایبەتە بەو وەرزشوانانەی کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک پەنابەر لە قەڵەمدراون.
 
ئەلێکساندرا میرۆسلاڤی پۆڵەندی توانی ریکۆردێکی جیهانی بشکێنێت و یاریی سەرکەوتن بەسەر بەرزایی بباتەوە.
 
ئەو وەرزشوانە پۆڵەندییە توانی لە ماوەی 6.06 چرکە بگاتە لوتکەیی بەرزاییەکە و ریکۆردی خێراترین کەس ئەوەی کردبێت لە ئۆڵیمپیاددا بەدەستبهێنێت.
 
لیۆن مارچاندی فەرەنسی دوو ریکۆردی ئۆڵیمپی شکاند، جگە لەوە مەلەوانە فەرەنسییەکە پێنج میدالیای لە ئۆڵیمپیاددا بەدەستهێنا کە 4 میدالیای زێڕ و یەکێکی برۆنز بوون.
 
بۆب بۆومان، راهێنەری ناسراو کە پێشتر راهێنەری مایکل فیلیپس بووە، لەم ئۆڵیمپیادەدا راهێنەری لیۆن مارچاند بووە.
 
ئەرشەد نەدیم، وەرزشوانی پاکستانی توانی ریکۆردێکی ئۆڵیمپی هەڵدانی رم تۆمار بکات و میدالیای زێڕ بەدەستبهێنێت.
 
ئەو وەرزشوانە پاکستانییە توانی ریکۆردی ئۆڵیمپی دوورترین هاوێشتنی رم بەناوی خۆیەوە بنووسێت کاتێک توانی رمەکەی بە دووری 92.97 مەتر فڕێدات.