باشترین یاریزانی خولی نایابی کوردستان درێسی یانەی هەولێری هەڵبژارد

رووداو دیجیتاڵ 

سەفین مەنسوور، گۆڵکار و ئەستێرەی وەرزی رابردووی خولی نایابی کوردستان ئاشکرایکرد، پەیوەندیکردووە بە ریزەکانی یانەی هەولێرەوە، بۆ یاریکردن لە خولی نایابی عێراق. 

ئەم یاریزانە وەرزی رابردوو وەک کاپتن بەپیشاندانی ئاستێکی بەرز و سەرکردایەتیکردنی یانەی برایەتی لە بردنەوەی نازناوی خولی نایابی کوردستان کرد، هەروەها یاریزانی هەڵبژاردەی لاوانی کوردستان بووە، نازناوی خولی لاوانی کوردستانی بۆ یانەی برایەتی بردووەتەوە.

سەفین مەنسوور، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "ئێوارەی ئەمڕۆ بەشێوەیەکی فەرمی واژۆ لەسەر گرێبەستەکەم لەگەڵ یانەی هەولێر دەکەم، من شانازی بە یاریکردن لەگەڵ یانەی هەولێر دەکەم و خۆشەویستیەکی زۆرم بۆ یانەی شارەکەم هەیە، هەر بۆیە پەیوەندیم بەو یانەیەوە کرد". 

سەفین نازناوی باشترین یاریزانی وەرزی رابردووی خولی نایابی کوردستانی لە یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان وەرگرت، دوای ئەوەی 11 گۆڵ و 10 ئاسیتی تۆمارکرد و ئاستێکی بەرزی لە خولەکەدا پێشکەشکرد. 

یانەی هەولێر وەرزی ئەمساڵ متمانەی بەخشییە تەها قادر تاکە راهێنەری کورد لە خولی نایابی عێراق، ئێستا ئەم راهێنەرە سەرقاڵی کۆکردنەوەی ژمارەیەک یاریزانی باشە، بۆ ئەوەی لە چەند رۆژی داهاتوودا راهێنان و ئامادەکاریی یانەکە بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی عێراق دەستپێبکات. 

مەنسوور ئاماژەی بەوەشکرد "من دەمێکە خەون بە یاریکردن لە ریزی هەڵبژاردەی عێراق دەبینم، هەر بۆیە خۆشەویستیم بۆ هاندەرانی یانەی هەولێر هەیە و دەمەوێت بەپیشاندانی ئاستێکی بەرز خزمەتی یانەکە بکەم و بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق بکرێم". 

سەفین مەنسوور لە 1996 لەدایکبووە، جیا لە یانەی برایەتی یاری بۆ یانەکانی پێشمەرگەی هەولێر و نەورۆز لە خولی کوردستان کردووە.