ئەمشەو چامپیۆنزلیگە.. ئاتالانتا بۆ رۆحی بێرگامۆ بەرامبەر پاریسێکی بێ رۆح یاریدەکات
رووداو - دیجیتال
ئەمشەو یارییەکانی قۆناخی هەشتی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بە ئەنجامدانی یەک یاری دەستپێدەکەن، دوای ئەوەی یانەی ئاتالانتای ئیتالی بۆ یەکەمجار لە مێژوودا رووبەڕووی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی دەبێتەوە.
ئاتالانتا کە سوپرازی ئەم وەرزەی خولی یانە پاڵەوانەکانە، بەدوای نووسینەوەی مێژوویێکی گەورەوەیە، دوای ئەوەی بەرامبەر بە یەکێک لە پاڵێوراوانی نازناوەکە یاریدەکات، ئەویش پاریس سانجێرمانی فەرەنسییە.
پاریس بەهەموو هێزییەوە یاری ناکات، چونکە هێشتا ئێمباپێ بەتەواوی چاکنەبووەتەوە، مارکۆ ڤێراتی و کورزاوا یاریناکەن و پێکانیان هەیە، یارینەکردنی ئانخیل دیماریا بەهۆی کارتی زەردەوە یەکلابووەتەوە.
ئاتالانتا کە لە قۆناخی کۆمەڵەکان لەگەڵ یانەکەی مان سیتی بە پلەی دووەم سەرکەوت، لە قۆناخی 16ـدا یانەی ڤالێنسیای ئیسپانی دوورخستەوە، پاریسیش یەکێکە لەو یانانەی ئامارەکانی لەم وەرزەدا زۆر باشن و لە قۆناخی رابردووشدا یانەی بۆرووسیا دۆرتموندی کردەدەرەوە.
ئاتالانتا یەکجار لەگەڵ یانە فەرەنسییەکان بەیەکگەیشتووە، ئەویش دوو وەرز پێش ئێستابوو لە یۆرۆپالیگ. لەگەڵ یانەی لیۆن کە لە یاری یەکەمدا یەکسانبوون و لە یاریی دووەمیشدا یانەکەی بێرگامۆ بردییەوە.
کوڕانی ئاتالانتا بۆ رۆحی قوربانیانیانی ڤایرۆسی کۆرۆنا یاریدەکەن، هۆکاری دەرکەوتنیان بەو ئاستە بەرزەش لەدوای کۆرۆنا بۆ ئەو پاڵنەرە دەگەڕێتەوە کە شاری بێرگامۆ زۆرترین قوربانیی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە داوە، ئەو شارەی کە بەهۆی کۆرۆناوە ناوی لێنرابوو ناوچەی سوور، کە ژمارەی مردووان و تووشبووان هەرزوو پێوانەیان تۆمارکرد، ئێستا لەو شارە هەمووان بەیەکدەگەن هاوار بۆ رەش و شین دەکەن، هەمووان چاویان لەوەیە کە لانیکەم لەدوای 6 مانگ لە ناخۆشی، ئیدی خەندە بگەڕێتەوە سەرلێوی نەوەکانی بێرگامۆ.
پاریس ئەم یارییە بێ رۆحە، بەهۆی نەبوونی ڤێراتی و دیماریا و ئێمباپێ، ئێستا تەنیا نەیمار و ئیکاردی لەبەردەستی تۆماس تۆخێلن کە بەشێوەی سەرەکی پشتیان پێببەستێت، ئەو یانەیە هەلی کۆتایی بۆ راهێنەرەکەی داناوە کە دەبێت ئەم یارییە ببەنەوە، ئەگەر ماڵئاوایی بکەن ئەوا راهێنەرەکەیان دووردەخرێتەوە و لە ئێستاشەوە شوێنگرەوە ئامادەیە، کە ماوریسیۆ پۆچێتینۆی ئەرجەنتینییە.