ڤیدیۆ؛ جۆکۆڤیچ دوای یارییەکی ماراسۆنی گەیشتە قۆناخی پێشکۆتایی ویمبڵدن

رووداو دیجیتاڵ

رۆژی نۆیەمی یارییەکانی تێنسی ویمبڵدن لە شاری لەندەنی بەریتانیا بەڕێوەچوو. 
 
ئەو پاڵەوانێتییەی کە کۆنترینی مێژووە و لە 1877ـەوە هەیە، ئەمە وەشانی 136ـمینییەتی کە لە ماوەی 146 ساڵی رابردوودا بەڕێوەدەچێت. 
 
هاندەران و یاریزانان و پەیتاپەیتا لە نیوەڕۆوە روودەکەنە 18 یاریگەی چیمەن رێژکراو.. 
 
لە گرنگترین و بەهێزترین یاریی رۆژەکەدا، نۆڤاک جۆکۆڤیچی سێربی رووبەڕووی یاریزانێکی رووسی بووەوە کە ئاندریی روبلێڤ بوو، یارییەکەش چوار کۆمەڵەی خایاند. 
 
جۆکۆڤیچ یارییەکەی بە ئەنجامی سێ کۆمەڵە بەرامبەر بە کۆمەڵەیەک بردەوە، ئەنجامی کۆمەڵەکانیش چوار شەش، شەش یەک، شەش چوار و شەش سێ بوون. 
 
نۆڤاک بەم بردنەوەیە گەیشتە قۆناخی پێشکۆتایی، هیواکانی زۆرتر بوون بۆ بردنەوەی نازناوی پێنجەمی لەسەریەکی ویمبڵدن و 24 ـمین گراندسلامی مێژووی. 
 
جۆکۆ لە قۆناخی داهاتوو بەرامبەر بە یانیک سینەری ئیتاڵی یاری دەکات.
 
لە یارییەکی دیکەشدا کە براوەکەیان بەر نۆلێ دەکەوت، یانیک سنەری ئیتاڵی بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا گەیشتە یاریی پێشکۆتایی ویمبڵدن، دوای ئەوەی شکستی بە رۆمان سافیولینی رووسی هێنا. 
 
یارییەکە بە ئەنجامی سێ کۆمەڵە بەرامبەر بە کۆمەڵەیەک کۆتاییهات، دوو کاژێر و 14 خولەک کاتی یارییەکە بوو. 
 
ئەنجامی کۆمەڵەکانیش شەش چوار، سێ شەش، شەش دوو، شەش دوو بوون. 
 
لەسەر ئاستی ئافرەتانیش، ئیلینا سڤیتۆلینای ئۆکراینی سوپرایز و گەورەترین سەرکەوتنی لە ویمبڵدندا تۆمارکرد، دوای ئەوەی ئیگا شڤیۆنتیکی پۆڵەندی لە پاڵەوانێتییەکە کردە دەرەوە. 
 
بردنەوەکەی سڤیتۆلینا ئاسایی نەبوو، چونکە لە پێشەنگی جیهانی بردەوە و بەربژێری یەکەمی نازناوەکەشی کردەدەرەوە. 
 
کۆمەلەی یەکەم بە ئەنجامی حەوت شەش لە سوودی سڤیتۆلینای ئۆکراینی کۆتاییهات. 
 
کەچی لە کۆمەڵەی دووەمدا بە ئەنجامی حەوت شەش بە ئیگا شڤیۆنتیکی دۆڕاند. 
 
لە کۆمەڵەی سێیەمدا سڤیتۆلینا بە رووی ئیگادا تەقییەوە و ئاستێكی چاوەڕێنەکراوی پێشکێشکرد، بە ئەنجامی شەش دوو توانی لێیبباتەوە. 
 
بەم بردنەوەیە، ئیلینا سڤیتۆلینا گەیشتە یاریی قۆناخی پێشکۆتایی کە دووەمجارە لە مێژوویدا ئەو کارە دەکات. 
 
لە قۆناخی چوارگۆشەی زێڕیندا، سڤیتۆ بەرامبەر بە مارکێتا ڤۆندۆروسۆڤای چیکی یاری دەکات. 
 
لەلایەن خۆشییەوە مارکێتا ڤۆندۆروسۆڤای چیکی گەیشتە قۆناخی پێشكۆتایی، دوای ئەوەی جێسیکا پێگولای ئەمریکی کردەدەرەوەی پاڵەوانێتییەکە. 
 
ئەمە جاری یەکەم مارکێتا ڤۆندۆروسۆڤا دەگاتە یاریی پێشکۆتایی ویمبڵدن، یەکەم جاریشییەتی لە دوای ساڵی 2019ـەوە بگاتە چوارگۆشەی زێڕینی پاڵەوانێتییەکی گراند سلام، دوای ئەوەی لە رۆلان گارۆس ئەو کارەی کردبوو. 
 
مارکێتا یارییەکەی بە ئەنجامی شەش چوار، دوو شەش و شەش چوار لە جێسیکا پێگولای ئەمریکی بردەوە. 
 
یاریی داهاتووی ڤۆندۆروسۆڤا دژی سڤیتۆلینا دەبێت.