ڤیدیۆ؛ دیماریا هۆکاری پەیوەندیکردنی بە یوڤێنتوسەوە ئاشکراکرد

رووداو دیجیتاڵ

ئانخێل دی ماریا، یاریزانی نوێی یانەی یوڤینتوسی ئیتاڵی، بەفەرمی لە لایەن یانەکەیەوە  پێشکەش بە میدیاکان کرا. ئەویش هۆکاری گرێبەستکردنی لەگەڵ یانەی خانمە پیرەکە ئاشکراکرد.
 
یاریزانی باڵی ئەرجەنتینی دوای ئەوەی گرێبەستی لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی کۆتایی هات، بەپێی گرێبەستێکی بێبەرامبەر بۆ ماوەی ساڵێک پەیوەندی بە یانەی یوڤێنتوسەوە کرد.
 
ئانخێل دیماریا پێشتر یاری بۆ یانەکانی بێنفیکای پۆرتوگالی، ریال مەدریدی ئیسپانی و مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی کردووە.
 
دیماریا لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای ناساندنی، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و سەرەتا سەبارەت بە پەیوەندیکردنی بە ریزەکانی یوڤێنتوسەوە کرد و گوتی "خۆشحاڵم کە لێرەم و ئەم درێسە لەبەردەکەم، خۆشحاڵم کە پەیوەندیم بە گەورەترین یانەی ئیتاڵیاوە کردووە، تیپەکە بەشێوەیەکی تایبەت پێشوازی لە من و خێزانەکەم کرد و زۆر دڵخۆشم بەو کارە".
 
ئەستێرەی ئەرجەنتینی، لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا، سەبارەت بەوەی بۆچی پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی خانمە پیرەکەوە کردووە؟ گوتی "زۆر ئاسوودەم، دەزانم کێم و هەوڵ دەدەم هەمان ئەو کارانە بکەمەوە کە لە ماوەی رابردوودا لەگەڵ یانەکانی دیکە کردوومە، بۆ ئەوەی زۆرترین نازناو بەدەستبهێنم".
 
ئەو زیاتر گوتی "دەنگۆی زۆر هەبوو بۆ پەیوەندیکردنی پۆڵ پۆگبا بە یانەکەوە، دەزانم کە ئەم یانەیە زۆر یاریزانی نایابی هەیە و لەنێویاندا هەندێک یاریزانی گەنج هەن کە پێویستیان بە هەندێک یارمەتی هەیە، پێموایە ئەوە هۆکاری سەرەکییە بۆ پەیوەندیکردنم بە یوڤێنتوسەوە، کە دڵنیام لەوەی جارێکی دیکە جامەکان بەدەست دەهێنینەوە".