هەڵبژاردەی عێراق بەرەو مۆندیالی 2026 بەدروستی هەنگاو دەنێت
رووداو هەولێر
دوای ئەنجامە باشەکانی هەڵبژاردەی عێراق لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026، شارەزایانی وەرزشیی عێراق گەشبینن بە داهاتووی تیپەکە و پێیانوایە عێراق دەتوانێت بگاتە مۆندیال.
هەڵبژاردەی عێراق ئاستێکی بەرزی لە قۆناخی کۆمەڵەکانی پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئاسیا پێشکێشکرد، لە کۆمەڵەی شەشەم توانی رکابەری هەڵبژاردەکانی ڤێتنام، ئیندۆنیزیا و فیلیپین بکات، دوای تەواوبوونی یارییەکانیش عێراق بەکۆکردنەوەی 18 خاڵ بە پلەی یەکەم گەیشتە قۆناخی کۆتایی پاڵاوتنەکان و چاوەڕواندەکرێت رکابەری هەڵبژاردەکانی قەتەر، ئوسترالیا بکات بۆ ئەوەی بگاتە یارییەکانی مۆندیالی 2026.
عیماد هاشم، گۆڵپارێزی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "ئەو ئاستە بەرزەی لە تیپەکە و رێژەی بردنەوە و گۆڵ تۆمارکردن دەبینم مایەی دڵخۆشییە و دەتوانین بڵێین دەگاتە یارییەکانی مۆندیال، عێراق بووەتە ژمارەیەکی قورس لە کیشوەری ئاسیا ".
خیسۆس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق، خۆشەویستییەکی زۆری لەنێو خەڵکی عێراق هەیە، لە دوای هاتنی ئاستی تیپەکەی بەرزکردووەتەوە، سەرەتا نازناوی جامی کەنداوی 25ـی بردەوە و پلانی ئەم راهێنەرە ئیسپانییە گەیشتنی عێراقە بۆ یارییەکانی مۆندیالی 2026.
هاشم، زیاتر گوتی "کاساس باشترین راهێنەرە بۆ عێراق، بەتایبەت هەموو یارییەکانی پاڵاتنەکانی مۆندیالی بردەوە و هەڵبژاردەکەمان لە پلەی 68 هاتە پلەی 55، ئەمەش بەهۆی ئەنجامە باشەکان بوو، زۆر گەشبینم و سەرسامم بەو شێوازی یاریکردن و مامەڵە کردنەوەی کاساس لەگەڵ یاریزانەکان، دڵنیام ژمارەیەکی قورس دەبین لە یارییەکانی داهاتوودا".
ئامارەکانی هەڵبژاردەی عێراق، لە قۆناخی کۆمەڵەکانی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 بەمشێوەیە بوو، 6 یاری ئەنجامدا، 18 خاڵی کۆکردەوە، 17 گۆڵی تۆمارکردووە و 2 گۆڵی لێکراوە.
لای خۆیە خالید روکابی، بەڕێوەبەری وەرزشی ناوچەی رەسافە لە بەغدا دوای دڵخۆشی بەو ئاستە بەرزەی هەڵبژاردەی عێراق بۆ رووداوی روونکردەوە "دوای ساڵانێکی زۆر چاوەڕوانی خەریکە خەونی لەمێژینەمان لەلایەن کاپتن عەدنان درجال و کاساس دەبێتە راستی، گەشبینم و کاتی ئەوە هاتووە کە عێراق ناوێک بێت لە مۆندیالی داهاتوو، ئەوەی من پێی دڵخۆشم ئاستبەرزی و مۆڕاڵی بەرزی هاندەران و یاریزانانمانە کە لەپێناو ناوی عێراق دەجەنگن ".
لە ریزی هەڵبژاردەی عێراق 3 یاریزانی کورد یاری دەکەن، کە بریتین لە ئاکام هاشم، یوسف ئەمین لەگەڵ مارکۆ فەرەج. ئاکام هاشم کە یاریزانی یانەی هەولێرە شەوی رابردوو لە گێمی دووەم بەشداری یارییەکەی کرد و لێدانێکی بەهێزی ئاراستەی گۆڵی هەڵبژاردەی ڤێتنام کرد، بەڵام تۆپ بەر ستوون کەوت و ئەیمەن حوسێن سوودی لەو حاڵەتە وەرگرت و گۆڵی سێیەمی هەڵبژاردەکەی تۆمارکرد.
هەڵبژاردەی عێراق لە مێژووی خۆیدا جارێک لە 1986 بەشداری یارییەکانی مۆندیالی کردووە، لەسەر ئاستی ئاسیاش لە 2007 نازناوی جامی نەتەوەکانی ئاسیای بردەوە.