گواردیۆلا بەنیازە مانچێستەر سیتی جێبهێڵێت

رووداو هەولێر 

 

چەند راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی لە بەریتانیاوە ئاماژەیان بەوە کردووە کە پێپ گواردیۆلا، راهێنەری ئیسپانی بەنیازە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی مانچێستەر سیتی نوێ نەکاتەوە، کاتێک لە هاوینی 2025 ماوەکەی کۆتایی دێت.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، راهێنەری مانچێستەر سیتی بڕیاری داوە لە ماوەی دوو ساڵدا یانەکە جێبهێڵێت.
 
راهێنەرە ئیسپانییەکە، کە لە ساڵی 2016ـەوە سەرکردایەتی یانەی مان سیتی دەکات، بەم دواییە سێیانەی بۆ یانەکەی بەدەستهێنا، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ لە ئینتەرمیلانی ئیتاڵی بردەوە و لەم وەرزەدا بووە خاوەنی جامی ئینگلتەرا، نازناوی پرێمەرلیگ و خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا.
 
گواردیۆلا لە مانگی نۆڤەمبەردا گرێبەستێکی نوێی لەگەڵ سیتی واژۆکرد، بەڵام پێدەچێت ئەمە دواگرێبەستی بێت لەگەڵ پاڵەوانی ئینگلتەرا و ئەوروپا.
 
لەلایەکی دیکەوە ئەو سەرچاوانە باس لەوە دەکەن کە مان سیتی دڵنیایە لە ئێلکای گوندۆگانی کاپتنی یانەکە دووردەکەوێتەوە لە گرنگیدان بە بارسێلۆنا و گرێبەستێکی نوێ واژۆدەکات.
 
بڕیارە گوندۆگان لە کۆتایی ئەم مانگەدا گرێبەستەکەی کۆتایی پێبێت و ببێتە یاریزانێکی ئازاد.