هه‌ڵگورد مه‌لا محه‌ممه‌د بۆ رووداو: یانه‌ی نه‌ورۆز ئاسان نییه‌

 
رووداو هه‌ولێر

‎بڕیاره‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یارییه‌كانی قۆناخی 16ـی جامی عێراق ده‌ستپێبكه‌ن، له‌ به‌هێزترین یاریشدا یانه‌ی كاره‌با له‌نێو یاریگه‌ی زه‌ورا میوانداری یانه‌ی نه‌ورۆز ده‌كات.
 
‎نه‌ورۆز یانه‌یه‌كی كوردی به‌شدار له‌ خولی ئه‌ستێره‌كانی عێراق، وه‌رزی ئه‌مساڵ ئاستێكی به‌رزی پێشكێشكردووه‌ و دوای ته‌واوبوونی 19 گه‌ر تیپه‌كه‌ به‌كۆكردنه‌وه‌ی 27 خاڵ له‌ پله‌ی هه‌شته‌می ریزبه‌ندییه‌.
 
‎نه‌ورۆز به‌ر له‌ یارییه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر كاره‌با، ئێواره‌ی دوێنێ دوایین یه‌كه‌ی راهێنانی له‌سه‌ر یاریگه‌ی نه‌فت له‌ شاری به‌غدا ئه‌نجامدا، له‌م یارییه‌دا پێكهاته‌ی نه‌ورۆز بێبه‌شه‌ له‌ تواناكانی هه‌ریه‌ك له‌ یاریزانان دیار یاخی، لامین ساماتا له‌گه‌ڵ ئیبراهیم تۆمیوا كه‌ به‌هۆی پێكان دوورن له‌ تیپه‌كه‌.
 
‎یانه‌ی كاره‌با به‌سه‌ركردایه‌تی لوئه‌ی سه‌ڵاحی راهێنه‌ر دوو وه‌رزه‌ ململانێیه‌كی به‌هێز له‌سه‌ر خوله‌كانی ناوخۆی و ده‌ره‌وه‌ی عێراق ده‌كات، ئێستا تیپه‌كه‌ به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 23 خاڵ له‌ پله‌ی یازده‌می ریزبه‌ندییه‌.
 
‎هه‌ڵگورد مه‌لا محه‌ممه‌د، یاریده‌ده‌ری راهێنه‌ری یانه‌ی كاره‌با، له‌ لێدوانێكی تایبه‌ت به‌ رووداو، رایگه‌یاند "یانه‌ی نه‌ورۆز تیپێكی به‌هێز و ركابه‌رە و پێموایه‌ یارییه‌كه‌ ئاسان نییه‌، به‌ڵام ئێمه‌ له‌ سێ یاریی رابردوومان له‌ خولی ئه‌ستێره‌كانی عێراق حه‌وت خاڵمان وه‌رگرتووه‌ و مۆراڵی یاریزانانمان به‌رزه‌"٠
 
‎لیژنه‌ی ناوبژیوانان له‌ یه‌كێتیی تۆپی پێی عێراق، به‌هۆی به‌هێزی و یارییه‌ چاره‌نوسسازه‌كانی جامی عێراق، بڕیاریدا كه‌ سیستمی ڤار به‌كاربێت له‌ یارییه‌كاندا.
 
‎له‌م یارییه‌دا محه‌ممه‌د حه‌كیم، كه‌ وڵاتینامه‌ی سوێدی هه‌یه‌ و به‌ڕەچەڵەک عێراقییه‌، له‌ به‌شێكی زۆری خوله‌كاندا ناوبژیوانی ده‌كات، له‌لایه‌ن فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بانگهێشتكراوه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی یاری كاره‌با و نه‌ورۆز.
 
‎مه‌لا محه‌ممه‌د، زیاتر گوتی "یارییه‌كه‌مان هه‌ستیاره‌ و به‌بردنه‌وه‌ ده‌گه‌ینه‌ قۆناخی داهاتوو له‌ راستیدا جامه‌كه‌ گرنگە لامان. له‌به‌رئه‌وی پاڵه‌وانبوون بلیتی به‌شداری پاڵه‌وانێتیه‌كانی ده‌ره‌وه‌مان ده‌داتێ"٠
 
‎وه‌رزی رابردوو یانه‌ی جه‌وییه‌ نازناوی جامی عێراقی برده‌وه‌ و یانه‌ی هه‌ولێر له‌ پله‌ی دووه‌م هات.