حوسام فەوزی بۆ رووداو: ئێمە جادووگەر نین بە 2 رۆژ یانەی هەولێر باش بکەین

رووداو هەولێر 

ئەمڕۆ یەکشەممە لە دەستپێکی یارییەکانی قۆناخی دووەمی خولی نایابی عێراق، یانەی هەولێر لەنێو یاریگەی فرانسۆ هەریری کاژێر 19:30 میوانداری یانەی کەربەلا دەکات. 
 
دوو رۆژە یانەی هەولێر سەرکردایەتی تیپەکەی داوەتە دەست عەباس عوبێدی راهێنەر، هەریەک لە حوسام فەوزی و عەبدولقادر حوسێن یاریدەدەری راهێنەرن، لە دوو رۆژی رابردوودا ئەوەی دەبیندرێت جیا لە راهێنانی تەکتیکی و گۆڕەپان، راهێنەری نوێ زۆرترین قسە و کۆبوونەوەی لەگەڵ یاریزانەکان کردووە، لەپێناو بەرزکردنەوەی مۆڕاڵی تیپەکە بۆ بردنەوەی یارییەکە. 
 
حوسام فەوزی، یاریدەدەری راهێنەری یانەی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "یانەی هەولێر لە ریزی یانە باش و بەناوبانگەکانە لە رووی ناوبانگ و دەسکەوتەکانی، هەستدەکەم من و کاپتن عەباس گونجاوین بۆ ئەو باوەڕەی لەم دۆخەدا پێمانکراوە، ئەنجامە خراپەکان تیپەکەی خستووەتە بارودۆخێکی دەروونی زۆر خراپ، ئەمە ئەرکە راستەقینەکەی ئێمەیە ئەو بارە راستبکەینەوە و بارودۆخی تیپەکە باش بکەین". 
 
یانەی هەولێر لە وەرزی ئەمساڵدا چوارەمجارە راهێنەر دەگۆڕێت، سەرەتا نزار مەحروس راهێنەری سوری سەرکردەی تیپەکە بوو، دواتر غازی فەهد و ئینجا عەبدولقادر حوسێن، ئەنجامە خراپەکانی یانەکە بەردەوامە و هیوای هاندەرانی یانەکە لەگەڵ هاتنی عەباس عوبێد راستبووەنەوەی باری خراپی تیپەکەیە لە خولی نایابی عێراق. 
 
فەوزی زیاتر روونیکردەوە "دوو رۆژە هاتووین ناتوانین بڵێین ماوەیەکی باشە و کاری گەورەمان کردووە، هەندێک کاری خێرا هەبوو کردمان، بۆ داهاتوو گۆڕانکاری گەورە دەبینن، ئێمە جادووگەر نین بە دوو رۆژ یانەی هەولێر باش بکەین". 
 
یانەی هەولێر و یانەی کەربەلا لە مێژووی خولی نایابی عێراقدا 28 یارییان ئەنجامداوە، هەولێر 11 یاری بردووەتەوە و کەربەلا 8 بردنەوەی هەیە، لە 9 یاریشدا یەکسانبوون.