ڤیدیۆ؛ لە سەرکەوتن بەسەر شێرپەنجەدا بۆ بردنەوەی جامی ئەفریقا

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەوەی کەس چاوەڕێی نەبوو لە جامی ئەفریقادا روویدا و هەڵبژاردەی کۆتدیڤوار بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو نازناوی پاڵەوانێتییەکەی بردەوە.
 
لە یاریی کۆتایی جامی ئەفریقادا، لە ئەبیدجانی پایتەخت، هەڵبژاردەی کۆتدیڤواری میوانداری پاڵەوانێتییەکە رووبەڕووی نەیجیریا بووەوە.
 
کۆتدیڤوار هەر زوو بە هێرشبردن دەستیپێکرد، گوشارێکی زۆری خستە سەر گۆڵی نەیجیریا، بەڵام بەپێچەوانەوە لە خولەکی 38 ویلیام ئێکۆنگ گۆڵێکی بۆ نەیجیریا تۆمارکرد و نیوەی یەکەم لە بەرژەوەندی ئەوان تەواو بوو.
 
لەگەڵ دەستپێکردنی نیوەی دووەم، کۆتدیڤوار هەوڵەکانی بۆ یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە دەستپێکرد، لە خولەکی 62 فرانک کیسێ ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە و دیدێ درۆگباش شێتانە ئاهەنگی گێڕا.
 
هێرشەکان بۆ سەر گۆڵی نەیجیریا بەردەوامبوون، سێباستیان هالەر کە ماوەیەک لەمەوبەر رکابەرییەکی زەحمەتی لە شێرپەنجە بردەوە، گۆڵی دووەمی تۆمارکرد و هەڵبژاردەی کۆتدیڤواری کردە پاڵەوانی جامی ئەفریقا.
 
یارییەکە بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک تەواو بوو، کۆتدیڤوار بۆ جاری سێیەم لە مێژوویدا نازناوی جامی ئەفریقای بەدەستهێنا.

 

 
بردنەوەی نازناوەکە لەلایەن کۆتدیڤوارەوە لەکاتێکدایە، هەڵبژاردەکە لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بە زەحمەت وەک یەکێک لە باشترین سێیەمەکان سەرکەوت، بەهۆی ئەنجامە خراپەکانییەوە راهێنەرەکەی دوورخرایەوە، بەڵام بە بردنەوەی نازناوەکە وەڵامی هەموو رەخنە و ناڕەزایەتییەکانی هاندەرانی دایەوە.