مۆندیالی یانەکان کۆتاییدێت.. چێڵسی لە دووبارەبوونەوەی مێژوو دەترسێت

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو رکابەرییەکانی جامی جیهانی یانەکان لە ئیمارات کۆتاییدێت، هەردوو یانەی چێڵسی ئینگلیزی و پاڵەوانی ئەوروپا، پالمێراسی بەرازیلی و پاڵەوانی ئەمریکای باشوور رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە دەکەن.
 
یارییەکە کاژێر 19:30 لەسەر یاریگەی محەممەد بن زاید بەڕێوەدەچێت، ئەمە یەکەم رووبەڕووبوونەوەی نێوان هەردوو یانەیە لە مێژوودا و کامیان یارییەکە بباتەوە بۆ یەکەمجار لە مێژوویاندا دەبنە پاڵەوانی یانەکان لەسەر ئاستی جیهان.
 
رۆژی هەینی تۆماس توخێل، راهێنەری یانەی چێڵسی دوای تێپەڕاندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتە ئەبوزەبی و ئەمڕۆ لەسەر هێڵی یەدەگ دەبێت بۆ رێنماییدان بە یاریزانانی یانە لەندەنییەکە، کە یاریی رابردوو بەهۆی کەرەنتینەوە ئامادەنەبوو، جگە لەوەش ئیدوارد مێندی گۆڵپارێزیش کە یاریی پێشوو یاری نەکرد بەتەواوی ئامادەیە.
 
چێڵسی لە یاریی رابردوودا بە زەحمەت لە هیلالی سعودی بردەوە و پالمێراسیش سەرکەوتنی بەرامبەر ئەهلی میسری بەدەستهێنا، هەردوو یانە هیچ ئەزموونێکیان بەرامبەر یەکدی نییە و یارییەکە بۆ یەکلاکردنەوەی نازناوەکە رکابەرییەکی زۆر بەخۆیەوە دەبینێت.
 
هەردوو یانە دووەمجارە بەشداری لە جامی جیهانی یانەکاندا دەکەن، هەردوو یانە نازناوەکەیان نەبردووەتەوە و دەیانەوێت یەکەم نازناو لە پاڵەوانێتییەکەدا ببەنەوە.
 
ئەگەر ئەمڕۆ یانەی چێڵسی نازناوی جامی جیهانی بردەوە، دەبێتە سێیەم یانەی ئینگلتەرا نازناوەکە بباتەوە، دوای ئەوەی مانچێستەر یونایتد لە 2008 و لیڤەرپوول لە 2019 نازناوەکەی بردەوە، لەکاتێکدا یانەکە لە 2012 گەیشتە یاریی کۆتایی، بەڵام بەرامبەر یانەی کۆرێنچیانزی بەرازیلی دۆڕا و نازناوەکەی لەدەستدا.
 
یانەی پالمێراس پێشتر لە جامی جیهانی یانەکاندا یارییکردووە، بەڵام ئەمیشیان هاوشێوەی چێڵسی پێشتر نازناوەکەی نەبردووەتەوە و ئەمڕۆ دەیەوێت مێژوو بۆ ئەمریکای باشوور تۆماربکات و دوای 14 ساڵ جارێکی دیکە وەک یانەیەکی ئەو کیشوەرە نازناوەکە بباتەوە.
 
بەر لەم یارییە کاژێر 16:00 یاریی دەستنیشانکردنی پلەی سێیەم و چوارەمی جامی جیهانی یانەکان لەنێوان هەردوو یانەی هیلالی سعودی و ئەهلی میسری بەڕێوەدەچێت.