یەکەم لێدوانی لاپۆرتا پاش کێشەکەی ئۆلمۆ

 
رووداو دیجیتاڵ

خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، بێدەنگیی بەرامبەر بڕیاری تۆمارکردنی دانی ئۆلمۆ و پاو ڤیکتۆری یاریزانانی یانەکەی شکاند و باسی یاریی کلاسیکۆشی کردووە.
 
لاپۆرتا بۆ یەکەمجار، لە دوای چارەسەربوونی کێشەی تۆمارنەکردنی ئۆلمۆ و پاو لە لیستی یانەکەی بۆ بەشی دووەمی وەرزی ئەمساڵ، دەڵێ، ئەوەی روویدا لە کۆتاییدا مایەی رەزامەندیی بارسێلۆنایە.
 
باڵیۆزخانەی ئیسپانیا لە سعودیە، بەبۆنەی بەڕێوەچوونی یارییەکانی جامی سوپەری ئیسپانیا لەو وڵاتە، ئێوارەخوانێکی بۆ سەرۆکی هەردوو یانەی ریال مەدرید و بارسێلۆنا رێکخست، کە تێیدا سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیاش ئامادەبوو.
 
بارسێلۆنا و ریال مەدرید ئەمشەو لە کاژێر 22:00 بەکاتی باشووری کوردستان، لە سعودیە لەیاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیادا بەیەکدەگەن.
 
ئێوارەخوانەکە لە یەکێک لە هوتێلەکانی جەدە بەڕێوەچوو، باڵیۆزی ئیسپانیا و رافایێل لوزانی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا ئامادەیبوون. خوان لاپۆرتا یەکێکبوو لە بەشداربووانی ئێوارەخوانەکە، لە کاتێکدا فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید نەیتوانی ئامادەبێت، چونکە پێشتر لە جەدە سەردانی یاریزانانی ریال مەدرید کرد.
 
نوێنەری ریال مەدرید لە ئێوارەخوانەکەدا، خۆسێ ئانخیل سانچێزی بەڕێوەبەری گشتیی یانەکە بوو، لەگەڵ ئیمیلیۆ پۆتراگینۆ، بەڕێوەبەری پەیوەندییە دامەزراوەییەکانی ریال مەدرید.
 
لاپۆرتا لە بۆنەکەدا گوتویەتی، "لەراستیدا کێشەکە چارەسەرکرا، ئەو دوو یاریزانە دەتوانن یاریی بکەن، بەبۆچوونی بارسێلۆنا کۆتایی رووداوەکە مایەی قبووڵکردنە".
 
لاپۆرتا پلاری لە هیچ کەس و لایەنێک نەگرتووە، باسی وردەکاریی چۆنیەتی چارەسەربوونی کێشەکەشی نەگرتووە.
 
لەبارەی کلاسیکۆوە، سەرۆکی بارسێلۆنا گوتوویەتی، "بۆ بارسێلۆنا شانازییە لە یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیاین، ئێمە خاوەنی زۆرترین نازناوی پاڵەوانێتییەکەین کە 14 نازناوە، مەدرید و بارسێلۆنا یارییەکانی کۆتایی سەرنجڕاکێش دەکەن، هەموو جیهانیش چێژی لێوەردەگرێت".
 
لاپۆرتا هەروەها دەڵێ، "شانازییە رووبەڕووی ریال مەدرید دەبینەوە لە یارییەکی تۆپی پێدا، ئێمە خاوەنی زۆرترین هاندەرانی لە جیهاندا و ئەوانیش هەمان شت دەڵێن و ئێمەش هەمان شت دووپاتدەکەینەوە.. ئامادەی مەزنترین نمایش دەبین لە جیهاندا".