هۆکاری دابەزینی ئاستی ئەو یاریزانەی هەمووان پێی سەرسامبوون

رووداو دیجیتاڵ
 
کیریەن دایەر، یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا و یانەکانی نیوکاسڵ و وێستهام باس لە خراپبوونی ئاستی جەیدن سانچۆ، یاریزانی یانەی مانچێستەر یونایتد کە ئێستا بە خواستن رووی لە بۆرووسیا دۆرتموندە کردووە دەکات و ئەو هۆکارە دیاری دەکات کە وایکردووە یاریزانەکە بەشێوەیەکی بەرچاو ئاستی داببەزێت. 
 
سانچۆ لە ساڵی 2015 پەیوەندی بە تیپی لاوانی مانچێستەر سیتییەوە دەکات و هەنگاو بەهەنگاو  بەرەوپێش دەچێت و دەدرەوشێتەوە، هەر کەسێک سەیری یاریکردن و ئاستی ئەویان بکردایە، راستەوخۆ پێی سەرسام دەبوون.
 
لە ساڵی 2017 یانەی بۆرووسیا دۆرتموند سانچۆی گواستەوە ریزەکانی و وەک پێشبینی دەکرا ئەستێرە ئینگلیزییەکە لەو یانەیە لە درەوشانەوە بەردەوامبوو و باشترین ئاستی خۆی پێشکێش دەکرد.
 
کیریەن دایەر باس لە سەردەمی لاوی سانچۆ دەکات و دەڵێت "ئەو منداڵێکی سەرسوڕهێنەر بوو، کاتێک لە ئەکادیمیای مانچێستەر سیتی بوو هەمووان باسی ئەویان دەکرد. کەس نەیدەتوانی رایبگرێت و بەڕاستی باوەڕپێنەکراو بوو."
 
دواتر لە ساڵی 2021 سانچۆ بە بڕی 73 ملیۆن پاوەند لە دۆرتموندەوە گەڕایەوە شاری مانچێستەر، بەڵام ئەمجارەیان بۆ پەیوەندیکردن بە مانچێستەر یونایتد، هاندەرانی ئەو یانەیە بەپەرۆشەوە چاوەڕێی هاتنی سانچۆ بوون و چاوەڕێ بوون یاریزانەکە لە هەمان ئەو ئاستەدا بێت کە لەگەڵ دۆرتمۆند پێشکێشی دەکرد، بەڵام سانچۆ نەیتوانی خۆی بدۆزێتەوە و سەرەڕای ئاستە بێهیواکەرەکەی، لەم وەرزەدا بەهۆی چەند کێشەیەک لەلایەن تێن هاگی راهێنەری یانەکە لە یاریکردن سڕکرا.
 
دایەر پێی سەیر نەبووە کاتێک سانچۆ لە مانچێستەر یونایتد ئاستی دابەزیوە و باس لەوە دەکات کە لە یەکێک لە یارییەکانی مانچێستەر سیتیدا، سیفەتێکی خراپی سانچۆی تێبینی کردووە و دەڵێت "ئەوکات سانچۆ بەسەر هەموو تیپێکدا زاڵ دەبوو، بەڵام بیرمە کاتێک لە یاریی کۆتایی ئێف ئەی کەپ لەسەر ئاستی لاوان، رووبەڕووی یانەی چێڵسی بوونەوە، ئەوکات ریس جەیمسی بەرگریکاری چێڵسی بەرامبەر سانچۆ یاریدەکرد. 
 
جەیمس توانی چەند جارێک سانچۆ رابگرێت، ئەوەش شتێکی ئاساییە و بەسەر هەموو یاریزانێکدا دێت، بەڵام سانچۆ بەتەواوی خۆی بەدەستەوەدا و تاوەکو کۆتایی یارییەکە یارمەتی یانەکەی نەدا."
 
دایەر زیاتر دەڵێت "ئەو هیچ بیر و هۆشی لەسەر یارییەکە نەما و پێموایە ئەوە سیفەتێکی خراپی ئەوە کە من لەو کاتەدا هەستم پێکرد."
 
سانچۆ بە خواستن دەگەڕێتەوە دۆرتمۆند و تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە لەگەڵ ئەو یانەیەدا دەمێنێتەوە، بەشێکی زۆری هاندەرانی تۆپی پێ هیوای ئەوە دەخوازن گەڕانەوەی سانچۆ بۆ ئەو یانەیەی تێیدا دەرکەوت، سەرەتای گەڕانەوەی بێت و یاریزانەکە بتوانێت بگەڕێتەوە سەر ئاستەکەی پێشووی و جارێکی دیکە ببێتەوە ئەو سانچۆیەی پێی بەنێوبانگ بوو.