حوسێن سەعید بۆ رووداو: لە شێوازی هێرشبەریی هەڵبژاردەی عێراق ناڕازیم

 
رووداو دیجیتاڵ

حوسێن سەعید، سەرۆکی پێشووی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، بۆ تۆڕی میدیایی رووداو قسەدەکات و لەبارەی یارییەکەی ئەمڕۆی عێراق دەڵێت " گرنگە عێراق وەک پێشەنگی کۆمەڵەکەی سەربکەوێت."
 
حوسێن سەعید دەڵێت " بەدڵنیاییەوە دوای ئەو ئاستە پڕچێژەی بەرامبەر سعودیە و تێپەڕاندنی بەربەستی هەڵبژاردەی سعودیە، ئێستا ئیدی یاریزانەکان متمانەیان بەخۆیان زیاترە و هاندەران و میدیاش داوای ئاستی باشتر لە هەڵبژاردەکە دەکەن، راستە عێراق تارادەیەکی زۆر سەرکەوتنی مسۆگەرکردووە، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە پێشەنگی کۆمەڵەکە بگرێت و لە قۆناخی داهاتوودا بەرامبەر دووەمی کۆمەڵەکەی دیکە یاری بکات."
 
سەرۆکی پێشووی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق زیاتر گوتی " بردنەوە و گرتنی پێشەنگی کۆمەڵەکە متمانەی زیاترت لا دروستدەکات و لایەنی دەروونیت زۆر باشتر دەکات و ئەمەش وا دەکات جەماوەر متمانەی زیاتری بە هەڵبژاردەکە هەبێت و دەکرێ ئەو تیپەی لە قۆناخی داهاتوودا رووبەڕووی دەبیتەوە و بە دووەمی دێت، ئاستی کەمتر بێت لە ئاستی ئەو تیپەی لە کۆمەڵەکەی دیکە پێشەنگ دەبێت. بەتایبەت کە ئێستا پێشەنگی کۆمەڵەکە هەڵبژاردەی بەحرەینە و هاتووە بەرگری لە نازناوەکەی بکات و لە قۆناخێکی سەقامگیریی باشدایە لە پاڵەوانێتی پێشووەوە تاوەکو ئێستا."
 
حوسێن سەعید لە شێوازی هێرشبەریی هەڵبژاردەی عێراق ناڕازییە و دەڵێت " من پێشتر گوتوومە هەڵبژاردەی عێراق بەشێوازی یاریکردنی تەنیا یەک هێرشبەر، کاریگەر نابێت و مەترسیدار نییە، بۆیە دەبێ راهێنەر هێرشبەری زیاتر بخاتە ناو یاریگاوە و زیاتر لە پێنج یاریزانیش بخاتە ناوچەی سزای تیپی بەرامبەرەوە کاتێک کە لە لاکانەوە هێرشدەبات و ئەمەش زۆر گرنگە، هەر لەبەرئەوە دەبینین کە هەڵبژاردەی عێراق تەنیا لە تۆپی جێگیرەوە گۆڵ دەکات و ئێمە دەمانەوێت لە پاش بونیادنانی هێرش، گۆڵ تۆمار بکات."
 
حوسێن سەعید، لە ساڵی 2003 تاوەکو 2011 سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بووە، لە سەردەمی ئەودا هەڵبژاردەی عێراق گەیشتە باشترین ئاستی خۆی و لە ساڵی 2007 بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا نازناوی جامی ئاسیای بردەوە.