جامی سوپەری ئیتاڵیا.. ئینتەرمیلانی بەهێز و یوڤێنتوسی پڕ کێشە یارییدەکەن
رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو لە ئیتاڵیا یاریی جامی سوپەر لەنێوان هەردوو یانەی ئینتەرمیلان و یوڤێنتوس دەکرێت، چەند یاریزانێک بەهۆکاری جیاوازەوە یاریی ناکەن، کە دیارترینیان فێدریکۆ کیێزایە.
یارییەکە کاژێر 23:00 بەکاتی باشووری کوردستان لەسەر یاریگەی جۆزێپی میازا، لەشاری میلانۆ دەکرێت.
ماسیمیلیانۆ ئالێگری، راهێنەری یوڤێنتوس لیستی یاریزانەکانی بۆ یارییەکە ئاشکراکرد، هەریەکە لە دانیلۆ، بونۆچی، ساندرۆ و چیزنی بەشداریان لە دوایین مەشقەکانی یانەکەدا کردووە، بەڵام زەحمەتە یاری بکەن، لە هەمووشی کاریگەرتر یاریی نەکردنی کیێزایە، کە لە یاریی بەرامبەر رۆما تووشی پێکانێکی قورس بوو و ئەم وەرزە بۆ ئەو یاریزانە کۆتاییهات.
پێچەوانەی یوڤێنتوس، ئینتەرمیلان بەتەواوی بۆ یارییەکە ئامادەیە و دەیەوێت ئەنجامە باشەکانی بباتە جامی سوپەر و لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا نازناوەکە بباتەوە.
یوڤێنتوس پاڵەوانی ساڵی رابردووی جامی سوپەرە و بە 9 نازناو خاوەنی زۆرترین نازناوە، ئینتەرمیلان پێنج جار نازناوەکەی بردووەتەوە و لە 2010ـەوە نەیتوانیوە ئەم نازناوە بباتەوە، بۆیە پێکهاتەی سیمۆنی ئینزاگی، ئەمشەو هەموو توانایەکیان دەخەنەگەڕ بۆ ئەوەی جارێکی دیکە یانەکە بەم نازناوە شادببێتەوە.
ئەوەی زیاتر یوڤێ بۆ بردنەوەی یارییەکەی ئەمشەو هاندەدات، ئەوەیە کە لە دوایین چوار یارییدا لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا، نیرازۆری لێی نەبردووەتەوە، دوایینجار کە یانەکەی میلانۆ لە خانمە پیرەکەی بردبێتەوە لە 17-1-2021 کە لە گەڕی 18ـی خولی ئیتاڵیادا بە 2-0 لە یانەکەی بردبووە.
ئینتەرمیلان وەک پێشەنگی سێریا ئەی و لە باشترین بارودۆخیدا ئەم یارییە دەکات، یوڤێنتوس هەنگاو بۆ گەڕانەوە دەنێت، دوای بردنەوەی یاریی رابردوو لە رۆما لە دەرەوەی یاریگەی خۆی، یاریزانانی متمانەیەکی زیاتریان بۆ دروستبووە، لەنێوان هەنگاوەکانی یوڤێ و ئاستبەرزیی یوڤێ، لەنێوان ئەزموونی ئالێگری و توانا سەرنجڕاکێشەکانی ئینزاگی لاو، جۆزێپی میازا یەکلایدەکاتەوە کێ بە جامی سوپەری ئیتاڵیا دەڵێت " سڵاو."