سێرخیۆ رامۆس: كێشه‌ی تۆماركردنی گۆڵمان نییه
رووداو – هه‌ولێر
سێرخیۆ رامۆس كاپتنی ریال مه‌درید پێیوایه تیپه‌كه‌ی كێشه‌ی گۆڵكردنی نییه و رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌وان ئامانجیان بردنه‌وه‌ی هه‌موو نازناوه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌یه.
ئه‌مڕۆ یاریی كۆتایی جامی سوپه‌ری ئیسپانیا له نێوان ریال مه‌درید و ئاتلێتیكۆ مه‌درید له سعودیه ده‌كرێت، رامۆس پێش یارییه‌كه له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا گوتی: "ریال مه‌درید هه‌موو كات به‌و یاریزانانه یاریی ده‌كات، كه له به‌رده‌ستیدان، راسته ئێمه به‌هۆی پێكانی هه‌ندێك له یاریزانهكانمانەوە ده‌ناڵێنین و هه‌ندێكی دیكه‌ش پشوویان هه‌یه، به‌ڵام تیپه‌كه هه‌موو كات خۆی ده‌گونجێنێت و ئه‌نجامی باش تۆمار ده‌كات.
ڤوتیشی: "نازانم ئه‌م بارودۆخه تاوه‌كو كۆتایی وه‌رز به‌رده‌وام ده‌بێت یان نا، به‌ڵام ئێمه بۆ یارمه‌تیدانی تیپه‌كه بۆ تۆماركردنی گۆڵ كه‌مته‌رخه‌می ناكه‌ین، به‌بێ ئه‌وه‌ی سه‌یری ئه‌وه بكه‌ین به‌رامبه‌ر كێ یاریی ده‌كه‌ین و به‌رامبه‌ره‌كه‌مان به سێ هێرشبه‌ر یاری ده‌كات یان سێ یاریزانی ناوه‌ڕاست.
كاپتنی ریال مه‌درید پێیوایه: " باوه‌ڕم به‌وه نییه ئێمه كێشه‌مان له تۆماركردنی گۆڵدا هه‌بێت، به‌ڵكو ره‌نگه كێشه‌مان له به‌ده‌ستهێنانی سه‌ركه‌وتنه‌كاندا هه‌بێت له هه‌ندێك كاتدا، به‌هیوام ئه‌م وه‌رزه شكست نه‌هێنین، چونكه تۆماركردنی گۆڵ كلیلی گۆڕانكارییه له ئه‌نجامه‌كان و زۆر گرنگیشه بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌كانمان، كه بردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م نازناوهكانە".
یارییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی نێوان هه‌ردوو تیپه‌كه‌ی شاری مه‌درید كاژێر 21:00 ده‌ستپێده‌كات.