یاریزانێکی تۆتێنهام هێرشی تووند دەکاتە سەر کارگێڕیی یانەکەی
رووداو دیجیتاڵ
کریستیان رۆمیرۆ، بەرگریکەری یانەی تۆتێنهام هۆتسپێر، رەخنەی تووندی لە کارگێڕیی یانەکەی گرت، بەهۆی فرۆشتنی باشترین یاریزانان و وەبەرنەهێنان لە داهاتی فرۆشتنی یاریزانەکان.
رۆمیرۆ لە لێدوانی بۆ تۆڕی 'تیلیمۆندۆ دیپۆرتیس'ی ئیسپانی، دەڵێ، "مانچێستەر سیتی هەموو وەرزێک رکابەریی لەسەر نازناوەکان دەکات و لیڤەرپوول وەرز دوای وەرز خۆی بەهێزتر دەکات، هەروەها چێڵسی راناوەستێت لە پتەوکردنی پێکهاتەکەی، تەنانەت ئەگەر تیپەکەشی باش نەبێت، ئێستا دەبینین ئەوان وا خەریکە بەرهەمەکەی دەچننەوە، ئێمەش دەبێ لەسەر رێڕەوی هەمان ئەو یانانە بڕۆین".
بەرگریکەرە ئەرجەنتینییەکە زیاتر دەڵێ، "هیوادارم کارگێڕیی یانەکەمان لەو هەڵانە تێبگات کە ئەنجامیداون، لەبەرئەوەی یانەکە دەستی لە ژمارەیەکی زۆری یاریزان و راهێنەر لە ساڵانی رابردوودا هەڵگرتووە".
زیاتر دەڵێ، "هیوادارم یانەکە لەوە تێبگات کە کێ بەرپرسی راستەقینەیە تاوەکو بەرەو پێشبڕۆین، لەبەرئەوەی یانەکە، یانەیەکی نایابە، بەو کارگێڕییەی ئێستا هەمانە، دەتوانین رکابەریی لەسەر نازناوەکانی ساڵانە بکەین".
رۆمیرۆ لە ماوەی پێنج ساڵ یارییکردن بۆ تۆتێنهام لەژێر سەرپەرشتی چوار راهێنەردا کاریکردووە، هەروەها هاوڕێی چەندین ئەستێرەی یانەکە بووە کە رۆیشتوون، لە نێویاندا هاری کەین، ستیڤن بیرگوین، داڤینسۆن سانچێز و ئیمیرسۆن رۆیال.
هاوینی رابردوو، یانە لەندەنییەکە زیاتر لە 70 ملیۆن پاوەندی لە بازاڕی گواستنەوەدا خەرجکرد بەگرێبەستکردن لەگەڵ دۆمینیک سۆلانکێ بەرامبەر 55 ملیۆن پاوەند و ئارچی گرای لە لیدز یونایتدەوە بەرامبەر 30 ملیۆن یۆرۆ.
تۆتێنهام ئاست و ئەنجامەکانی ئەمساڵی مایەی نیگەرانیی هاندەرانیەتی. یانەکە لە پلەی 11ی ریزبەندی خولەکەیە بە 20 خاڵ و لە سێ یاریی رابردوویدا یەکسانبوونێک و دوو شكستی هەبووە.