چارەنووسی 4 خانمە یاریزانی کامیرۆن لە ئیسپانیا دیارنییە

رووداو دیجیتاڵ

 

ماوەی دوو رۆژە هیچ زانیارییەک سەبارەت بە 4 یاریزانی هەڵبژاردەی تۆپی دەستی خانمانی کامیرۆن دەست پۆلیسی ئیسپانیا نەکەوتووە، کە بۆ بەشداریکردن لە جامی جیهانی تۆپی دەستی خانمان لەو وڵاتەن.
 
پۆلیسی ئیسپانیا بەردەوامە لە لێکۆلینەوە و بەدواداچون بۆ زانینی چارەنووسی 4 یاریزانی هەڵبژاردەی خانمانی کامیرۆن، کە لەو هۆتێلە رایانکردووە کە هەڵبژاردەکەیان تێیدا نیشتەجێیە.
 
هاوڕێکانی ئەو خانمە یاریزانانە پێیانوایە ئەوان رایانکردووە و بەئەنقەست خۆیان ونکردووە، بۆ ئەوەی نەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان و لە ئیسپانیا بمێننەوە، چونکە هەموو کەلوپەل و پێداویستتەکانی خۆیان بردووە.
 
گوتەبێژی پۆلیس لە شاری ڤالێنسیای ئیسپانی، ونبوونی ئەو خانمە یاریزانانەی دووپاتکردووەتەوە و پێیوایە رووداوەکە شایەنی ئەوە نییە لێی بترسن، چونکە وەکخۆی دەڵێت "هیچ کێسەیەکیان نەبووە، وادیارە بەئەنقەست خۆیان ونکردووە".
 
گوتەبێژی پۆلیس، لەو بارەیەوە گوتی "ئەوان بە ویستی خۆیان رۆیشتوون، بەڕاستی تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکمان لەسەر ئەو شوێنە نییە لە دەبێت بۆی چووبن، بەڵام بەردەوام دەبین بۆ دۆزینەوەیان".
 
پاڵەوانێتی جامی جیهانی تۆپی دەستی خانمان لە سەرەتای ئەم مانگە دەستیپێکردووە، کە زۆرجار زۆر لە یاریزان و وەرزشوانانی وڵاتان بەشداریکردنیان لەم جۆرە بۆنانەدا دەقۆزنەوە بۆ راکردن لە بارودۆخە خراپەکانی وڵاتانیان و بەدەستهێنانی مافی پەنابەری لەو وڵاتانەی بۆنەکانیان تێدا بەڕێوەدەچێت، بۆ نموونە لە ئۆڵیمپیادی 2012ـی لەندەندا 7 ئەندامی شاندی کامیرۆنی بەشدار لە ئۆڵیمپیاد خۆیان لە هاوڕێکانیان ونکرد و نەگەڕانەوە وڵاتەکانیان.