یوڤێنتوس بە سەرکردایەتی ‌HDR بردییەوە و ئاتلێتیکۆش گەیشتە 16

رووداو-هەولێر

رکابەرییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا کۆتاییانهات و یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدیش دوایین یانەی سەرکەوتووبوو بۆ قۆناخی ١٦.

کوڕانی رۆخی بلانکۆس بەهەمان ئەنجامی یاری چوون، واتا دوو گۆڵی بێ بەرامبەر شکستیان دووچاری یانەی لۆکۆمۆتیڤ مۆسکۆی رووسیکرد و بەفەرمی و بە پلەی دووەمی کۆمەڵەکەیان گەیشتنە قۆناخی داهاتوو.

پێش ئەوەی دوو گۆڵەکە بکەن، کیران تریپێری بەرگریکەری یانەی ئاتلێتیکۆ لێدانێکی سزای لەدەستدا، دواتر ناوبژیوان لێدانێکی دسزای دیکەی بۆ یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید هەژمارکرد و ئەمجارەیان جواو فێلیکس بەسەرکەوتووی جێبەجێیکرد، لە نیوەی دووەمیشدا کۆکێ ئاسیستێکی بۆ فلیپێ کرد و گۆڵی دووەمی تۆمارکرد.

ئاتلێتیکۆ مەدرید بەو ئەنجامە پلەی دووەمی کۆمەڵەکەی بە ١٠ خاڵەوە گرت و لەدوای یوڤێنتوسەوە گەیشتە قۆناخی ١٦، هەرچی یانەی لۆکۆمۆتیڤ مۆسکۆشە تەنیا سێ خاڵی کۆکردەوە و دەستبەتاڵ دەرچوو.

لە یارییەکی دیکەشدا یانەی یوڤێنتوس وەک چۆن لە یاری رابردوودا شکستی بە بایەر لیڤەرکوزن هێنابوو، ئەمجارەش بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێ وەڵام لێیبردەوە.

نیوەی یەکەمی یارییەکە هیچ رووداوێكی کاریگەر رووینەدا کە ئەنجامەکە بگۆڕێت، لە نیوەی دووەمدا و بەتایبەت لەدوای هاتنەناوەوەی دیبالا ئاست و یاریکردنی یوڤێنتوس دووهێند باشتربوو، پاولۆ لە خولەکی ٧٥ گۆڵی یەکەمی بۆ کریستیانۆ رۆناڵدۆی گۆڵکەری مێژوویی چامپیۆنزلیگ دروستکرد، دواتر لە خولەکی ٩٣ دیبالا گۆڵی دووەمیشی بۆ هیگواین دروستکرد  و بەمەش یارییەکەیان لە خاکی ئەڵمانیا بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە.

یوڤێ بە ١٦ خاڵەوە پلەی یەکەمی کۆمەڵەی چوارەمی گرت و پێشتر گەیشتبووە قۆناخی ١٦، یانەی بایەر لیڤەرکوزنیش کە تاوەکو سێ یاری یەکەم هیچ خاڵێکی نەبوو، توانی بگاتە قۆناخی ٣٢ـی یۆرۆپالیگ بە شەش خاڵەوە.