ڤیدیۆ؛ زریانی میڵتۆن بنمیچی یاریگایەکی بەنێوبانگ وێراندەکات

رووداو دیجیتاڵ

دامەزراوە وەرزشییەکانیش بەشی خۆیان لە مەترسی و زیانەکانی زریانی میڵتۆنیان بەرکەوت و یاریگەیەکی بەنێوبانگ بەهۆی ئەو زریانەوە زیانێکی زۆری پێگەیشت.
 
دوێنێ پێنجشەممە زریانی میڵتۆن دوای ئەوەی فلۆریدای گرتەوە و گەیشتە زەریای ئەتڵەسی و کارەبای زیاتر لە سێ ملیۆن بەشداربوو پچڕاند، بووە هۆکاری زیانگەیاندنێکی گەورە بە یەکێک لە گەورەترین یاریگا وەرزشییەکانی ئەمریکا.
 
بای بەهێزی زریانەکە ئەو بەرگە بەهێزەی دڕاند کە وەک بنمیچی یاریگای ترۆپیکانا بەکارهێنراوە، کە یاریگەی تیپی بیسبۆڵی تامپا بەی رایزە لە سانت پترسبۆرگ.
 
ئەمە لە کاتێکداکە هێشتا روون نەبووەتەوە کە ئایا زیانی ناوخۆیی لەنێو یاریگاکەدا روویداوە یان نا.
 
هەروەها زریانەکە بووەتە هۆکاری بەربوونەوەی چەندین کرێن، کە بێگومان زیانی ماددییان لێکەوتووەتەوە.

 

زریانی میلتۆن بە رەشەبایەکی بەهێز و هەڵگرتنی ئاوێکی زۆر، لە رۆژئاوا بەرەو رۆژهەڵاتی ویلایەتی فلۆریدا چوو، لە ئەنجامدا لە چەندین شوێن لافاو دروستبوو. هەروەها رێگە و بان بەهۆی کەوتنەخوارەوە درەخت و ستوونەکانی کارەبا داخران. 
 
زریانی میڵتۆن، یەکێکە لە گەورەترین زریانەکان لە سەدەی 21، لە زەریای ئەتڵەنتیک دەستیپێکردووە و رووبەڕووی ئەمریکییەکان بووەتەوە. ئێستاش گەیشتووەتە ویلایەتی فلۆریدا. 
 
چاوەڕوان دەکرێت ژمارەی گیانلەدەسدان بەرزبێتەوە؛ نزیکەی 9000 پاسەوانی نیشتیمانی لە فلۆریدا بۆ بەهاناوەچوونی خەڵک و گەڕان بەدوای بێسەروشوێنبووان دا بڵاوکراونەتەوە، و 210 ملیۆن دۆلاریش بۆ بەرەنگاربوونەوەی کارەساتە سرووشتییەکە تەرخانکراوە.